سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ڕۆژی هەینی لە پەیامێکدا بەڵێنی پشتیوانیکردنی تەواوەتی بەو ویلایەتانە دا کە پەرە بە ژیریی باڵا دەدەن کە بە ( ژیریی دەستکرد ناسراوە). ئەم هەڵوێستەی ترامپ چەند ڕۆژێک دوای سەرکەوتنی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولدا دێت، کە ڕایانگەیاندووە هەوڵی سەپاندنی ڕێنمایی و یاسای بەرفراوان دەدەن لەسەر ئاستی فیدڕاڵدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ژیریی باڵا.
ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس نووسیویەتی، ''وەک سەرۆک، من لە سەدا سەد پشتیوانی لە ژیریی باڵا دەکەم و کار لەگەڵ ئەو ویلایەتە زۆرانەی ئەمەریکادا دەکەم کە دەیانەوێت بە هەبوونی ئەمە دەوڵەمەندبن. ئەم تەکنەلۆجیایە وەک زێڕ وایە و تەنها سەرکردایەتییەکی نەزان دەڵێت نەخێر بۆ ئەو سەروەت و سامانەی کە ئەم کەرتە بەدیدێنێت!''
پشکەکانی پەیوەندیدار بە کۆمپانیاکانی ژیریی دەستکرد ڕۆژی پێنجشەممە لە بازاڕەکانی بۆرسەی ئەمەریکادا توشی دابەزینێکی زۆر بوونەوە، ئەوەش بەهۆی نیگەرانیی لە وەبەرهێنان لەو کەرتەدا بەهۆی ئەگەریی سەپاندندی کۆتوبەندی نوێ لەسەر ئاستی فیدڕاڵ و ویلایەتەکان.
سەرکردەی دیموکراتەکان چەک شومەر لە ئەنجومەنی سینات لە بۆنەیەکدا لە واشنتن جەختی لە پێویستی پاراستنی هاووڵاتیانی ئەمەریکایی کردەوە تاوەکو بەهۆی دامەزراندنی داتا سەنتەرەکانەوە لە ناوچەکانییاندا توشی بەرزبوونەوەی تێچووی کارەبا نەبن. هاوکات فەرمانڕەوا هەڵبژێردراوەکانی چەندین ویلایەتی وەکو تەکساس، ئۆهایۆ و جۆرجیا لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا بەڵێنییان دابوو کە ڕێکارەکانی سەر سەنتەرەکانی داتا توندتر بکەنەوە.
لەلایەکی دیکەوە، زۆوی لۆفگرینی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە پارتی دیموکرات گوتی کە دەبێت هاوسەنگی لە نێوان داهێنان و یاساداناندا دروستبکرێت. گوتی، ''داهاتوو بە تەکنەلۆجیا پێشەنگەکانی وەک ژیریی دەستکرد و کوانتەم و وزەی ناوەکی بەڕووماندا دەکرێتەوە. پێویستە یاسای بەرپرسیارانە بۆ ژیریی دەستکرد دابڕێژین و لە هەمان کاتدا پشتگیری لە داهێنان بکەین.''
دوابەدوای دابەزینی بەرچاویی پشکەکانی ژیریی دەستکرد، سەرۆک ترامپ لە پۆستێکی تردا ڕەخنەی توندی لە زیانەکانی بازاڕی پشکەکان گرت و بە یەکێک لە خراپترین دابەزینەکانی مێژوو ناویبرد، هەروەها بەرپرسیارێتییەکەی خستە ئەستۆی دیموکراتەکان و گوتی، ''بازاڕی پشکەکان بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە توشی یەکێک لە خراپترین ڕۆژەکانی مێژووی بووەوە. دیمەنێکی زۆر خەمناک بوو! کارێکی زۆرمان کرد تا گەیاندمانە ئاستێک کە پێشتر کەس نەیبینیبوو، بەڵام دواتر ئەمە ڕوویدا. لەبەرئەوە پاشەکەوتە 401kـەیەکانی ئێوە دابەزیون. لە بیرتان بێت، ئەمە کاری کۆمارییەکان نەبوو بەڵکو کاری دیموکراتەکان بوو.''
هاوکات کۆمپانیای OpenAi کە یەکێکە لە کۆمپانیا پێشەنگەکانی ئەم کەرتە لە ئەمەریکادا، ڕایگەیاند کە پلانی هەیە زیاتر لەسەر ئاستی کۆمەڵگە خۆجێییەکان کار بکات بۆ دروستکردنی متمانە و یارمەتیدانی خەڵک تا لە سوودەکانی داتا سەنتەرەکان تێبگەن.
هەموو ئەمانەش لە کاتێکدایە کە ڕاپرسییەکی ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس لە نێو دەنگدەرانی هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتیدا دەریخستووە کە لە سەدا 76ـی دەنگدەران دژی دروستکردنی داتا سەنتەری نوێن لە ناوچەکانیاندا. هەروەها لە سەدا 57ـی بەشداربووان پێیان وابووە کە ژیریی دەستکرد زیانی زیاتر بە کۆمەڵگە دەگەیەنێت، لە بەرامبەردا تەنها لە سەدا 24 پێیان وابووە ژیریی دەستکرد زیاتر یارمەتیدەر دەبێت.