دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی لە ئەمەریکا، کە تێیدا دیموکراتەکان سەرکەوتنییان بە دەستهێنا و لە مانگی یەکی ساڵی داهاتووەوە زۆرینەی ئەنجومەنی سینات و نوێنەران وەردەگرن، ژمارەیەک لە سەرکردە باڵاکانی پارتی کۆماری ڕای جیاوازییان لەسەر هۆکارەکانی ئەو شکستەی پارتەکەیان خستووەتە ڕوو.
سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ڕۆژی چوارشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ئاماژەی بەو کۆبوونەوە و هەڵمەتە جەماوەرییانە کرد کە لە سەرانسەری وڵاتدا بۆ پشتیوانیکردن لە کاندیدەکانی پارتەکەی ئەنجامی دابوون. ترامپ جەختی لەو بڕوایەی کردەوە کە ئەگەر خۆی لە لیستی کاندیدەکاندا بووایە ئەوا پارتەکەی سەردەکەوت. گوتی، ''ئەگەر من لە ناو سندووقەکانی دەنگداندا بوومایە دەمانبردەوە، خۆشەویستییەکی زۆر لەو کۆبوونەوانەدا هەبوو، بەڵام نەمانتوانی ئەو خۆشەویستییە ڕاستەوخۆ بگوازینەوە بۆ کاندیدەکانی تر.''
لەلایەکی دیکەوە، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەی دی ڤانس ئاماژەی بەوە دا کە کێشەی سەرەکی بریتی بوو لە پارێزگارینەکردن لە دەنگی دەنگدەرانی ساڵی 2024. ڤانس لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، ''بێگومان لە هەندێک شوێن دەمانتوانی ڕێژەی بەشداریی باشتر بکەین. بەڵام کێشەی سەرەکیی ڕێژەی بەشداریی دەنگدان نەبوو، کێشەی سەرەکی ئەوە بوو کە زۆرێک لەوانەی لە ساڵی 2024ـدا دەنگییان بە ترامپ/ڤانس دابوو، لەم هەڵبژاردنەی ساڵی 2026ـدا دەنگییان بە دیموکراتەکان دا.''
بەپێی ڕاپرسییەکی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشییەتد پرێس، لە سەدا 92ـی ئەو دەنگدەرانەی کە خۆیان وەک کۆماری دەناسێنن یاخود مەیلیان بەرەو کۆمارییە، دەنگییان بە کاندیدەکانی کۆمارییەکان داوە. لە کاتێکدا لە سەدا 7ـیان دەنگییان بە کاندیدەکانی دیموکراتەکان داوە. لە بەرامبەردا، لە نێوان لایەنگرانی دیموکراتەکاندا لە سەدا 98 دەنگیان بە دیموکراتەکان داوە و تەنها لە سەدا 2 دەنگییان بە کاندیدی کۆماری داوە.
دابەزینی ڕێژەی دەنگدان لە ناوچە سەرەکییەکانی کۆمارییەکاندا:
کۆمپانیای شیکاریی برووم ستریت لابس (Broome Street Labs ) ئاماژەی بە زانیارییەکانی ڕێژەی بەشداریی لەو ناوچانەدا کردووە کە لە ساڵی 2024 بە جیاوازییەکی گەورە پشتیوانییان لە ترامپ و ڤانس کردبوو، لەوانەش ناوچەکانی هەردوو ویلایەتی تەکساس و ئۆهایۆ کە لەم هەڵبژاردنانەدا ڕکابەریی توندییان تێدا بووە.
زانیارییەکانی ئەو کۆمپانیایە دەریانخستووە کە لە تەکساس، لەو ناوچانەی کە لە ساڵی 2024 لانیکەم بە جیاوازیی 23 خاڵ پشتیوانییان لە ترامپ کردبوو، ڕێژەی بەشداریی دەنگدان بە بەراورد بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2024 زیاتر لە سەدا 20 کەمی کردووە. لە ویلایەتی ئۆهایۆش، لەو ناوچانەی کە لە ساڵی 2024ـدا بە جیاوازیی لانیکەم 9 خاڵ پشتیوانییان لە ترامپ کردبوو، بەشداریی دەنگدان لە نێوان لە سەدا 18 بۆ لە سەدا 30 کەمی کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەمان زانیاری ئاماژە بە چالاكیی زیاتری دەنگدەرانی دیموکرات دەکەن لەو ناوچانەدا، بەجۆرێک ڕێژەی بەشدارییان لە هەڵبژاردنی 2024ـدا بەرزتر بووە. کاندیدەکانی دیموکراتەکان بۆ ئەنجومەنی سینات لە پێنج ویلایەتی سەرەکیدا کە لە ساڵی 2024ـدا بە جیاوازییەکی باش پشتیوانییان لە ترامپ کردبوو، لەوانەش کارۆلاینای باشوور، تەکساس، ئۆهایۆ، ئایەوا و کانساس، سەرکەوتنیان بەدەستهێنا. ڕێژەی گشتی بەشداریی دەنگدان لە هەر یەکێک لەو ویلایەتانەدا بە نزیکەیی چوار خاڵ زیادی کردووە.
بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەشداریی لەسەر ئاستی وڵاتدا:
تاقیگەی هەڵبژاردنی زانکۆی فلۆریدا مەزەندەی کردووە کە لە سەرانسەری ئەمەریکادا ڕێژەی بەشداریی گشتی زیاتر لە 122.6 ملیۆن دەنگدەر بووە، کە دەکاتە نزیکەی لە سەدا 48.7ـی ئەو کەسانەی کە مافی دەنگدانییان هەبووە. ئەمەش بە بەراورد بە هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی ساڵی 2022 زیاترە، کە بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی یاریدەدەری هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا 112 ملیۆن دەنگدەر و لە سەدا 46.8 بەشدارییان تێدا کردبوو.
هاوکات گۆڕانکارییەکی گەورە لە پاڵپشتیی دەنگدەرە سەربەخۆکاندا بەرەو دیموکراتەکان ڕوویداوە، بە جۆرێک لە سەدا 58ـی سەربەخۆکان دەنگییان بە دیموکراتەکان داوە، لە بەرامبەردا لە سەدا 32 دەنگیان بە کۆمارییەکان داوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2024، بەپێی ڕاپرسییەکەی ئەسۆشیەتد پرێس، لە سەدا 48ـی سەربەخۆکان دەنگیان بە دیموکراتەکان و لە سەدا 42یان دەنگیان بە کۆمارییەکان دابوو.
شیکاریی دەنگدەران بەپێی ڕەگەز، تەمەن و پێکهاتەکان:
ڕاپرسییەکەی ئەسۆشیەتد پرێس دەریدەخات کە پشتیوانیی ژنانی دەنگدەر لە نێوان هەڵبژاردنەکانی 2024 و 2026 بە ڕێژەی 6 خاڵ بەرەو دیموکراتەکان ڕۆیشتووە.
لەگەڵ ئەوەشدا، گۆڕانکارییەکی زۆر گەورە لە نێوان دەنگدەرانی گەنجدا بەدی کراوە، لە تەمەنی 18 تا 29 ساڵیدا، دیموکراتەکان بە ڕێژەی لە سەدا 73 بەرامبەر لە سەدا 25 لە پێش کۆمارییەکانەوە بوون، لە کاتێکدا لە ساڵی 2024 ئەم ڕێژەیە لە سەدا 51 بەرامبەر لە سەدا 47 بوو. بۆ دەنگدەرانی تەمەن 30 تا 40 ساڵیش، دیموکراتەکان بە ڕێژەی لە سەدا 62 بەرامبەر لە سەدا 36 لە پێشەوە بوون.
سەبارەت بە ڕەگەز و پێکهاتەکان، دەنگدەرە سپی پێستەکان لە ڕاپرسییەکەدا بە یەکسانی بەسەر کۆماری و دیموکراتەکاندا دابەش بوون. بەڵام لە نێوان دەنگدەرانی ڕەش پێستدا، ڕێژەی دەنگدان بە دیموکراتەکان لە ساڵی 2026ـدا 7 خاڵ زیادی کردووە، هەروەها بۆ دەنگدەرانی هیسپانیک ڕێژەکە 9 خاڵ بەرامبەر بە ئاستەکانی ساڵی 2024 بەرزبووەتەوە.