Accessibility links

دۆناڵد ترامپ دوای کۆبوونەوەی ئاسایشی لەسەر ئێران: بەم زووانە بڕیارەکەمان ڕادەگەیەنین

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا دوای کۆبوونەوە لەگەڵ ڕاوێژکارە باڵاکانی ئاسایشی نیشتمانی، ڕایگەیاند بەم زووانە بڕیار دەدات کە ئایا هێرشە بەرفراوانەکان بۆ سەر ئێران دەستپێبکاتەوە یان نا.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە 6ی ئەم مانگە لە کۆشکی سپی لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە ئەگەری بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان وتی "پێم باشە ئەگەر بتوانم باقی وڵاتەکە لەناو نەبەم، بەڵام ڕەنگە ناچار بم ئەوە بکەم، زۆر بە زوویی ئەوەتان بۆتان ئاشکرا دەبێت."

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد "ئێستا بڕیار دەدەین کە ئایا دەمانەوێت بچینە پێشەوە و دڵنیابین لەوەی کە ئەمە هەرگیز دووبارە نەبێتەوە."

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها وتی "هێزەکانی وڵات بە تەواوی ئامادەن بۆ ئەگەری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی نوێ و جەختی کردووە "ئەگەر ناچار بووین کاری ئێران یەکلا بکەینەوە، بە تەواوی چەکدار و ئامادەین."

لێدوانە نوێیەکانی سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتێکدایە کە دانوستانی ناڕاستەوخۆ و چڕوپڕی نێوان تاران و واشنتن بە نێوەندگیری وڵاتانی ناوچەکە بەردەوامە.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هەواڵەکان بەردەوام باس لەوە دەکەن کە ئەمەریکا دەتوانێت هێرشە بەرفراوانەکان لە دوای هەڵبژاردنی کۆنگرێس دەستپێبکاتەوە کە تێیدا دیموکراتەکان کۆنترۆڵی هەردوو ئەنجومەنی کۆنگرێسیان کرد.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ڕاپۆرتەکان لەبارەی پێشنیاری نوێی نێوەندگیران سەبارەت بە داهاتووی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، ترامپ وتی "ئەوان بەبێ ڕەزامەندی ئێمە هیچ کارێک ناکەن، ئەوەی من وتم لەبیرت بێت: ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی نابێت."

لە وەڵامی پەیامنێرێکدا کە ئایا ئەو پێشنیارانەت بینیوە کە تاران بیری لێدەکاتەوە، وتی "گرنگ نییە بیر لە چی دەکەنەوە، ئەوان چەکی ئەتۆمییان نابێت، ئەوان ئەوە دەزانن و منیش ئەوە دەزانم."

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕۆژی پێنجشەممە بە پشتبەستن بە پێنج سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە ڕایگەیاندووە، کە ئێران کۆمەڵێک پێشنیاری تایبەتی نێوەندگیران تاوتوێ دەکات. بەگوێرەی ئەو ڕۆژنامەیە، هەوڵەکانی ئەم دواییە بە ڕێبەرایەتی قەتەر دوای چەند هەفتەیەک لە بەرەنگاربوونەوەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان، ئێستا دەوترێت نەرمی زیاتر دەنوێنن.

دوای چەند کاتژمێرێک ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی باڵای ئێران کە ناوی نەهێنراوە، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تاران لە ڕێگەی قەتەرەوە پێشنیارێکی ئەتۆمی بۆ واشنتن ناردووە و ئەمەریکا پێداچوونەوەی بۆ دەکات.

ئەو بەرپرسە ئێرانییە باسی لەوەش کردووە ئەو پێشنیازە تەنیا دوای ئەوەی واشنتن حەوت مەرجی تارانی بەجێ هێنا، دەتوانرێت تاوتوێ بکرێت. وردەکاری زیاتر لەبارەی ناوەڕۆکی ئەو پێشنیازە نەخراوەتەڕوو.

هەروەها بەپێی راپۆرتێکی ئەکسیۆس، نێوەندگیرانی قەتەریش لەگەڵ تاران و واشنتن ڕاوێژ دەکەن لەسەر پلانێکی دوو ڕۆژە بۆ دروستکردنی متمانە بە یەکتر.

بەپێی ئەو پلانە، ئەمەریکا لە یەکەم ڕۆژدا گەمارۆی دەریایی سەر ئێران هەڵدەگرێت و بەشێک لە سەروەت و سامانی سڕکراوی کۆماری ئیسلامی ئازاد دەکات. لە بەرامبەردا ئێران بانگهێشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەکات بۆ پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییە بۆردومانکراوەکان.

لە ڕۆژی دووەمدا تەنگەی هورمز دەکرێتەوە و دوای ئەوەش دانوستانە ئەتۆمییەکان دەست پێدەکاتەوە و تیشک دەخرێتە سەر یەدەگی یۆرانیۆمی ئێران کە بە ڕێژەیەکی زۆر پیتێنراوە.

وردەکارییەکانی ئەم پلان و پێشنیارانە تا ئێستا بە فەرمی لە لایەن تاران و واشنتنەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

ماڵپەڕی ئەکسیۆس ڕۆژی پێنجشەممە بە پشت بەستن بە دوو بەرپرسی ئەمەریکا بڵاوی کردەوە کە ترامپ لە میانی کۆنگرە هەواڵگرییە هەفتانەیەکەیدا لەگەڵ ڕاوێژکارە باڵاکانی ئاسایشی نیشتمانی تاوتوێی ئێرانی کردووە.

بەگوێرەی ئەو دەزگای میدیاییە، لەدوای هەڵبژاردنی کۆنگرێسی ئەمەریکا، ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی ئاستی باڵا بووە لەسەر ئێران لە لایەن بەڕێوبەرایەتی حکومەتی ئەمەریکاوە.

ماڵپەڕی ئەکسیۆس نووسیویەتی ترامپ سێ بژاردەی سەرەکی لە بەرچاو دەگرێت: دەستپێکردنی خولێکی نوێی هێرشی سەربازی، درێژەدان بە گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی یان گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە تێیدا ڕەنگە پێویست بکات ئیمتیازاتی بەرچاو بە ئێران بدات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، سێنتکۆم ئامادەکاریی کردووە بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەرفراوانەکان لەدژی ئێران، بەڵام هێشتا فەرمانی نوێی لە واشنتن وەرنەگرتووە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG