Accessibility links

تۆم باراک لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە ڕۆژی پێنجشەممە عەلی زەیدی پێشوازی لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق، کرد و پێکەوە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ئاسۆکانی بەهێزکردنی هاوبەشیی نێوان ئەمەریکا و عێراق و فراوانکردنی هاوکارییە ئابوورییەکان و وەبەرهێنان کرا، بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و پشتگیریکردن لە گەشەپێدان.

هەروەها هەردوولا پێشهاتەکانی ناوچەکە و ئەو ئاڵەنگارییانەیان تاوتوێ کرد کە ڕووبەڕووی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بوونەتەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان کرایەوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکان و ڕێگریکردن لە فراوانبوونی ململانێکان.

کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ سەرۆک ترامپ و سەرۆکوەزیران زەیدی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا.

This item is part of
XS
SM
MD
LG