خانمی یەکەمی ئەمەریکا مەڵانیا ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆشکی سپی میوانداریی نوێنەرانی ڕووسیا و ئۆکراینای کرد و هیوای خواست ئاگربەستەکەی دەوروبەری شارێکی ئۆکراینا ببێتە هەوێنی پێشکەوتنێکی زیاتر بەرەو ئاشتییەکی بەردەوام کە نێوان هەردوو وڵاتدا.
ئەم کۆبوونەوەیەی نێوان خانمی یەکەمی ئەمەریکا لەگەڵ نوێنەرانی ڕووسیا و ئۆکراینا لە کۆشکی سپی لە کاتێکدایە کە بەڕێوبەرایەتییەکەی ترامپ گوشارەکانی چڕتر کردووەتەوە بۆ بە دەستهێنانی پێشکەوتنێک لە دانوستاندنە فراوانەکانی ئاشتیدا.
بڕیارە ئەمەریکا سەرپەرشتی خولێکی نوێی گفتوگۆ سێقۆڵییەکان لەگەڵ ڕووسیا و ئۆکراینادا بکات کە هەفتەی داهاتوو لە ئیماڕات بەڕێوە دەچێت.
مەڵانیا ترامپ لە وتارێکیدا لە کۆشکی سپی هیوای خواست کە ئاگربەستە شەش ڕۆژییەکەی دەوروبەری شاری ئۆلێشکی ئۆکراینا ببێتە هەنگاوێک بۆ ئاشتییەک کە ''جێگیرتر بێت لە ئاگربەستێکی کاتی."
خانمی یەکەم ستایشی سەرکردەکانی ڕووسیا و ئۆکراینای کرد بۆ ''هاوکاری ئاستبەرزییان'' لە بە دیهێنانی وەستاندنی شەڕەکەدا.
لە کۆبوونەوەکەدا نێردەی تایبەتی سەرۆکی ڕووسیا، کیریل دمیتریڤ، بەشداربوو. دمیتریڤ بە ناوی سەرۆکی ڕووسیاوە سوپاسی خانمی یەکەمی ئەمەریکای کرد و گوتی، '' ئەم ئەرکە مرۆییە دەریخست کە کاتێک بەزەیی، ئیرادە و هاوکاریی کۆدەبنەوە، چ ئەنجامێک بە دەست دێت.''
ئاگربەستە سنووردارەکەی دەوروبەری ئۆلێشکی، کە لە 27ـی مانگی دەوە دەستیپێکرد و شەش ڕۆژی خایاند، ڕێگەخۆشکەر بوو لەبەردەم ڕزگارکردن و گواستنەوەی سەدان کەس کە بەهۆی شەڕ و گەمارۆدان و کێڵگە بەرفراوانەکانی مینەوە گیرییان خواردبوو. شاری ئۆلێشکی کە دەکەوێتە هەرێمی خێرسۆن لە باشووری ئۆکرانیا، نزیکەی 2000 نیشتەجێی تێدا مابووەوە کە لە لێواری برسێتیدا دەژیان.