ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە کاردانەوەی جیاوازیان لە سەرانسەری جیهانەوە لێکەوتەوە.
هەندێک لە سەرۆک و حکومەت و سیاسەتمەدارانی بیانی ئەنجامەکانیان بە هێمایەک بۆ گۆڕانکاری ناوبرد، بەڵام هەندێکی دیکە ڕایانگەیاند کاریگەری لەسەر سیاسەتیان بەرامبەر بە واشنتن نابێت.
بابەتەکانی وەک پشتگیریکردنی ئۆکراینا، شەڕی ئێران، بازرگانی و تێچووی ژیان ئەو پرسانەن کە جێگەی بایەخی وڵاتان بوون.
چین: ماو نینگ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، هەڵبژاردنەکەی بە پرسێکی ناوخۆیی ئەمەریکا ناوبرد و ئاماژەی بە پەیوەندیی نێوان سەرۆکانی هەردوو وڵات دا.
وتەبێژەکە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی دا بەوەی پەکین دەیەوێت گفتوگۆکان لەگەڵ واشنتن بەهێز بکات، ناکۆکییەکان چارەسەر بکات و هاوکارییەکان فراوانتر بکات.
ڕووسیا: دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین، ڕایگەیاند مۆسکۆ هیوادارە دۆناڵد ترامپ درێژە بە هەوڵەکانی بۆ ئاشتی بدات، لە پرسی پەیوەست بە نیوان شەڕی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئۆکراینا. ئەو ئاماژەی بەوە دا کە ترامپ هێشتا وەک سەرۆکی وڵات دەسەڵاتەکانی خۆی بەکاردەهێنێت.
سێرگێی ڕیابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەش، هەڵوێستی سەرکردایەتیی دیموکراتەکانی ئەمەریکای بەرامبەر بە ڕووسیا بە "زۆر نەرێنی" هەڵسەنگاند، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە سیاسەتی مۆسکۆ بە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی وڵاتانی دیکە دیاریناکرێت.
ئێران: تەلەفزیۆنی حکومەتی ئێران پەیامێکی بڵاو کردەوە کە گوایە لەلایەن موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێرانەوە، نوسراوە، تێیدا هاتووە گۆڕینی حزبی دەسەڵاتدار لە ئەمەریکا "دوژمنایەتیی" واشنتن بەرامبەر بە تاران ناگۆڕێت.
لە پەیامەکەدا هاتووە، "ئەو کەسانەی هیوادارن ئەم هەڵوێستە بە گۆڕانکارییە سیاسییەکان یان پێدانی ئیمتیاز بگۆڕێت، زۆر لە هەڵەدان."
بەڵام محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و سەرەکیترین دانوستانکاری ئەو وڵاتە، ئەنجامەکانی بە پەیامێکی دژ بە شەڕ لەلایەن دەنگدەرانی ئەمەریکاوە ناوبرد.
ئەوروپا: بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا ڕایگەیاند دەنگدەرانی ئەمەریکا بڕیاری خۆیان "بە ڕوونی"داوە و هیوای خواست کۆنگرێسی نوێ درێژە بە پشتگیریکردنی ئۆکراینا بدات و گوشارەکان لەسەر ڕووسیا زیاد بکات.
کریستێل شالدێمۆس، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا، ڕایگەیاند ئەنجامەکان دەتوانن دەربارەی پرسی ئۆکراینا، گرنگیدان بە وزەی پاک و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان "سوودبەخش" بن. بەڵام ئەو جەختی لەوە کردەوە کە ئەوروپا دەبێت خۆی بەهێزتر بکات و پشت بە توانای خۆی ببەستێت.
هەروەها بیاتە ماینڵ-ڕایزینگەر، وەزیری دەرەوەی نەمسا، ڕایگەیاند ئاسایش و خۆشگوزەرانیی ئەوروپا نابێت بە شێوازی دەنگدانی خەڵکی ئەمەریکاوە گرێدرابێت و جەختی کردەوە لەوەی ئەوروپا دەبێت سیاسەتی سەربەخۆی خۆی بەڕێوە بەرێت.
یۆهان ڤادێفوول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ڕایگەیاند هیوادارە دوای هەڵبژاردنەکان هەردوو حزب لە کۆنگرێسدا لەسەر پشتگیریکردنی ئۆکراینا زیاتر هاوڕا بن.
ژان-نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، وتی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن جێگەی ڕەخنە نین و ترەمپ خۆیشی سەرکەوتنی بەرچاوی کاندیدە دیموکراتەکانی قبووڵ کردووە. ئەو هەڵوێستی ترامپی بە "هەواڵێکی زۆر باش بۆ دیموکراسیی ئەمەریکا" هەڵسەنگاند.
ئاندی بێرنهام، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ڕایگەیاند ئەنجامەکان دەرفەتێک بە وڵاتان دەدەن بۆ ئەوەی پێکەوە کار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی تێچووی ژیان بکەن. ئەو چارەسەرکردنی شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆکراینای وەک ئەو بابەتانە دیاری کرد کە دەبێت سەرنجیان بدرێتێ.
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، هەڵوێستێکی جیاوازی نیشان دا و ڕایگەیاند خەڵکی ئەمەریکا "دژ بە سیاسەتە زیانبەخشەکان، ڕق و کینە، ڕەگەزپەرستی و نکۆڵیکردن لە گۆڕانی کەشوهەوا دەنگیان داوە."
لای خۆیەوە یۆناس گار ستۆرە، سەرۆکوەزیرانی نەرویج، وتی ئەنجامەکان پەیامێکی بەهێزن کە دەنگدەرانی ئەمەریکا داوای گۆڕانکاری دەکەن.
لە یۆنان، پاڤلۆس ماریناکیس، وتەبێژی حکومەت، ڕایگەیاند پەیوەندییەکانی ئەسینا و واشنتن، وەک ئێستا، بە بەهێزی بەردەوام دەبن و پڕۆژە گەورەکان و ڕێککەوتنە سەرەکییەکانیش درێژەیان پێ دەدرێت.
کەنەدا و مەکسیک: لە پەیامێکدا، دۆمینیک لەبلانک، وەزیری کەنەدا و بەرپرسی پەیوەندییە بازرگانییەکانی کەنەدا لەگەڵ ئەمەریکا، ڕایگەیاند ئەنجامەکان هەڵوێستی کەنەدا لە دانوستانە بازرگانییەکاندا ناگۆڕن.
بەڵام کلاودیا شاینباووم، سەرۆکی مەکسیک، کاردانەوەی ڕوونی نەبوو و ڕایگەیاند دەبێت چاوەڕێ بکەن و ببینن ئەنجامەکان چی بەدوای خۆیاندا دەهێنن.
ژاپۆن، تایوان و ئەفریقای باشوور: مینۆرۆ کیهارا، وتەبێژی حکومەتی ژاپۆن، ڕایگەیاند ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەرچۆنێک بن، هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەمەریکا بنەمای سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی ژاپۆنە و هەر بەو شێوەیەش دەمێنێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی تایوانیش ئاماژەی بەوە دا کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەردوو حزبی کۆماری و دیموکراتی ئەمەریکا دەپارێزێت و هاوکاری لە بوارەکانی ئاسایش، بازرگانی و تەکنەلۆژیا بەهێزتر دەکات.
سیریل ڕامافۆسا، سەرۆکی ئەفریقای باشوور، پیرۆزبایی لە ئەنجامەکان کرد، بە هیوای دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ لە پەیوەندییە جیهانییەکاندا.