ژماردنی دەنگەکان لە هەندێک لە ویلایەتەکانی ئەمەریکا دەستی پێکردووە، لە کاتێکدا هەردوو حزبی کۆماری و دیموکرات چاوەڕوانی ئەنجامەکانن بۆ ئەوەی بزانن کامیان دەتوانێت زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی سینات و ئەنجومەنی نوێنەران بەدەست بهێنێت و لە دوو ساڵی کۆتایی دووەم خولی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترامپدا کۆنترۆڵی کۆنگرێس بکات.
پێشبینی دەکرێت دیموکراتەکان توانیبێتیان لانیکەم پێنج کورسی کە پێشتر لە دەستی کۆمارییەکاندا بوون، بەدەستبهێنن.
ڕۆی کوپەر، کاندیدی دیموکرات، لە کارۆلاینای باکور بەسەر مایکل واتلی، کاندیدی کۆماریدا سەرکەوت، هەروەها ئانی ئەندروز، کاندیدی دیموکرات، لە کارۆلاینای باشور بەسەر دارلین گراهامدا سەرکەوت. گراهام خوشکی لیندزی گراهام، سیناتۆری پێشووی کۆماری بوو، کە سەرەتای ئەمساڵ کۆچی دوایی کرد.
لە تەکساس، جەیمز تالاریکۆ، کاندیدی دیموکرات، بەسەر کێن پاکستۆن، کاندیدی کۆماریدا سەرکەوت و بووە یەکەم دیموکرات لە ساڵی 1988ـەوە بتوانێت کورسییەکی ئەنجومەنی سینات لەو ویلایەتەدا بەدەستبهێنێت.
لە ئۆهایۆ، شێرۆد براون، کاندیدی دیموکرات، بەسەر جۆن هیوستد، سیناتۆری کۆماریی ئێستادا سەرکەوتووە.
ئادەم هامیلتۆن، دوای سەرکەوتنی بەسەر ڕۆجەر مارشاڵ، سیناتۆری کۆماریی ئێستادا، دەبێتە یەکەم دیموکرات لە ماوەی 94 ساڵدا کە کورسییەکی ئەنجومەنی سینات لە کانزاس بەدەستبهێنێت.
دیموکراتەکان پێش ڕۆژی هەڵبژاردن هەوڵیان دەدا چوار کورسیی زیاتر لە کۆمارییەکان بەدەستبهێنن، بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی ئەنجومەنی سینات لە حزبی کۆماریی ترامپ وەربگرنەوە. هەروەها پێشبینی دەکرێت هەڵبژاردنەکانی ویلایەتەکانی ئەلاسکا، ئایەوا، مەین و میشیگان ڕۆڵێکی گرنگیان لە دیاریکردنی کۆنترۆڵی ئەنجومەنی سیناتدا هەبێت. ژماردنی دەنگەکان لەو ویلایەتانەدا هێشتا بەردەوامە.
هەروەها لە ویلایەتی جۆرجیا، جۆن ئۆسۆف، سیناتۆری دیموکرات، توانی دووبارە کورسییەکەی خۆی ببـاتەوە، لە کاتێکدا ئاشلی مودی، سیناتۆری کۆماری، لە ویلایەتی فلۆریدا بۆ خولێکی دیکە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
لە ئەنجامە نوێیەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکادا، کاندیدانی کۆماری هاریەت هەیگمان لە ویلایەتی وایۆمینگ، ئاندی بار لە کنتاکی و کێڤن هێرن لە ئۆکلاھۆما سەرکەوتنیان بەدەستهێنا. هەرسێ کورسییەکە پێشتر لە دەستی کۆمارییەکاندا بوون. لە بەرامبەردا، دیموکراتەکان توانییان کورسییە بەتاڵەکانی خۆیان لە ویلایەتەکانی ئیلینۆی و نیو هامشەر بپارێزن، بە سەرکەوتنی جولیانا ستراتن لە ئیلینۆی و کریس پاپاس لە نیو هامشەر.
هەروەها سیناتۆرە دیموکراتەکانی ویلایەتەکانی ڤێرجینیا، ماسەچووسێتس، ڕۆد ئایلەند، نیو جێرسی، کۆلۆرادۆ، نیو مەکسیکۆ و دێلەوێر توانییان دووبارە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەستبهێنن و بۆ خولێکی نوێی شەش ساڵە کورسییەکانی خۆیان لە ئەنجومەنی سینات بپارێزن.
سیناتۆرە کۆمارییەکانی ئێستا لە ویلایەتەکانی ئارکەنسا و وێست ڤیرجینیا لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پیراندا سەرکەوتن.
ترامپ درەنگانی شەوی سێشەممە لەبارەی هەڵبژاردنەکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیال نووسی، "من ناوم لەسەر لیستی هەڵبژاردن نەبوو، ئەگەر ناوم لە لیستەکەدا بووبایە، بە سەرکەوتنێکی زۆر گەورەوە دەمانبردەوە!"
ناوەندەکانی دەنگدان لە 50 ویلایەتی ئەمەریکا بە پێی کاتی ناوخۆیی هەر ویلایەتێک لە کاتژمێرەکانی ئێوارەدا دادەخرێن و ئەنجامەکان لە کاتژمێرەکانی دواتردا ڕادەگەیەندرێن، هەرچەندە لە هەندێک کێبڕکێدا ڕەنگە دیاریکردنی ئەنجامەکان چەند ڕۆژێک بخایەنێت.
لە هەڵبژاردنی ڕۆژی سێشەممەدا، هەموو 435 کورسیی ئەنجومەنی نوێنەران و 35 کورسی لە کۆی 100 کورسیی ئەنجومەنی سینات خراونەتە بەردەم دەنگدەرانەوە.
پێش هەڵبژاردنەکە، حزبی کۆماریی ترامپ زۆرینەیەکی کەمی لە هەردوو ئەنجومەنی کۆنگرێسدا هەبوو، لە کاتێکدا حزبی دیموکرات هیوای بەوە هەبوو کە بە بردنەوەی کورسیی پێویست کۆنترۆڵی دەسەڵاتی یاسادانان لە کۆمارییەکان وەربگرێتەوە.
دوای کردنەوەی ناوەندەکانی دەنگدان لە ڕۆژی سێشەممەدا، بەرپرسانی هەردوو حزبی کۆماری و دیموکرات گەشبینییان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دەربڕی.
ترامپ بە کەناڵی فۆکس نیوزی گوت، "پێم وایە ئەنجامەکان لەوەی ئێوە پێتان وایە باشتر دەبن."
لە بەرامبەردا، چەک شومەر، سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سینات، دوای ئەوەی دەنگی دا، گوتی، "ئەمشەو هەڵبژاردنەکە دەبەینەوە."
ئەو کاندیدانەی لە هەڵبژاردنی ڕۆژی سێشەممەدا سەرکەوتوون، لە 3ـی یەکی ساڵی داهاتووەوە دەست بەکار دەبن.
لە زۆربەی ناوچەکانی ئەمەریکا، دەنگدەران پێش ڕۆژی فەرمیی هەڵبژاردنیش دەرفەتی دەنگدانیان هەبووە، چ لە ڕێگەی دەنگدانی پێشوەختەی ڕاستەوخۆ یان دەنگدان لە ڕێگەی پۆستەوە.
بەپێی زانیارییەکانی تاقیگەی هەڵبژاردنی زانکۆی فلۆریدا، زیاتر لە 60 ملیۆن کەس پێش ڕۆژی هەڵبژاردن دەنگیان داوە.
جگە لە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس، لە 36 ویلایەت لە کۆی 50 ویلایەتی ئەمەریکا هەڵبژاردنی فەرمانڕەوا بەڕێوە دەچێت، هەروەها دەنگدەران نوێنەرانی ئەنجومەنە یاسادانەرەکانی ویلایەتەکان و بەرپرسانی خۆجێیی هەڵدەبژێرن.
کیشا لانس بۆتەمز، کاندیدی دیموکرات، لە هەڵبژاردنی پۆستی فەرمانڕەوای ویلایەتی جۆرجیا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لە کاتێکدا بایرۆن دۆناڵدز، کاندیدی کۆماری، لە هەڵبژاردنی پۆستی فەرمانڕەوای ویلایەتی فلۆریدا سەرکەوت.
پێش هەڵبژاردنەکە، کۆمارییەکان زۆرینەیەکی کەمی پۆستی فەرمانڕەوایی ویلایەتەکانیان لەدەستدا بوو. دوا جار دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی ساڵی 2006ـدا توانیبوویان زۆرینەی ئەو پۆستانە بەدەست بهێنن.