Accessibility links

لە هەندێک ویلایەتەکانی ئەمەریکا ناوەندەکانی دەنگدان دادەخرێن و چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردن دەکرێت

هەندێک لە ناوەندەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی داخران و لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا ئەنجامە سەرەتاییەکان بڵاو دەکرێنەوە. ئەنجامە کۆتاییەکان ماوەیەکی درێژتر دەخایەنێت.

بەپێی خشتەی دەنگدان، ناوەندەکانی دەنگدان لە بەشێکی ویلایەتەکانی ئیندیانا و کێنتاکی کاتژمێر 6ـی ئێوارە بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا داخران.

کاتژمێر 7ـی ئێوارە بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا دەنگدان لە ویلایەتەکانی جۆرجیا، ساوس کارۆلاینا، ڤیرجینیا و ڤێرمۆنت کۆتایی هات، و نیو کاتژمێر دواتر ناوەندەکانی نۆرس کارۆلاینا، ئۆهایۆ و وێست ڤیرجینیا داخران.

لە نێوان کاتژمێر 8 و 9ـی شەودا، دەنگدان لە ژمارەیەکی دیکە لە ویلایەتەکان، لەوانە پێنسلڤانیا، میشیگان و تەکساس کۆتایی دێت.

ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە دیاری دەکات کە کام لە دوو حزبی کۆماری و دیموکرات زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی سیناتی کۆنگرێس بەدەست دەهێنێت.

لەگەڵ داخستنی ناوەندەکانی دەنگدان، ئەنجامە سەرەتاییەکان بڵاو دەکرێنەوە، بەڵام ژماردنی دەنگەکان بە تەواوی و ڕاگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکان کاتی پۆستە و لە هەندێک ویلایەتدا ڕەنگە چەند ڕۆژێک بخایەنێت.

بڕیارە دوا ناوەندەکانی دەنگدان لە بەشێکی ئەلاسکا کاتژمێر یەکی بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا دابخرێن.

ئەنجامە سەرەتاییەکانی شەوی هەڵبژاردن فەرمی نین و ڕەنگە دوای ژماردن و پەسەندکردنی هەموو دەنگە دروستەکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG