لە کاتێکدا ئەمەریکاییەکان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی بەرەو سندوقەکانی دەنگدان دەچن، پرسی ئاسایشی هەڵبژاردنەکان جارێکی دیکە بووەتەوە بە یەکێک لە بابەتە سەرەکی و جێی سەرنجەکان.
بەپێی ڕاپۆرتێکی فۆکس نیوز، وەزیری بەرگری ئەمەریکا پیت هێگسێس فەرمانی بە سەرجەم دامەزراوەکانی هەواڵگری و ئاسایشی ئەلیکترۆنیی ژێر کۆنتڕۆڵی وەزارەتەکەی کردووە کە لە ئامادەباشیی تەواودابن بۆ پاراستنی هەڵبژاردنەکان. هێگسێس جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت ڕێگری لە هەر هەوڵێکی وڵاتانی بیانی بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا بکرێت و ئەمەش بە ئەرکی هەرە گرنگی بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا دادەنرێت.
ئەم فەرمانە تەنها بۆ فەرماندەیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی ئەمەریکا و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دەرنەچووە، بەڵکو سەرجەم تۆڕی هەواڵگریی بەرگریی، لەوانەش دەزگاکانی هەواڵگریی سەربازیی و جوگرافی دەگرێتەوە. پنتاگۆن فەرمانی پێ کردوون کە " سەرجەم دەرفەت، ئامڕاز و تواناکانییان لە چوارچێوەی یاسادا " بخەنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییە دەرەکییەکان لەسەر هەڵبژاردنەکان.
مەترسییە نوێیەکان و ژیریی دەستکرد:
پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن کە مەترسییەکانی ئەمڕۆ تەنها تێکچوونی سیستمە کۆمپیوتەرییەکان نین، بەڵکو بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە، هەڵمەتەکانی پڕوپاگەندە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەکارهێنانی ئامڕازەکانی ژیریی باڵا دەتوانن کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ڕای گشتی هەبێت.
چەندین ڕاپۆرتی دیکە ئاماژە بەوە دەدەن کە زیادبوونی هەژمارە ساختەکان و ئەو ناوەڕۆکانەی کە بە ژیریی دەستکرد بەرهەم دەهێندرێن کاری ئەو دامەزراوانەیان قورستر کردووە کە چاودێری ڕای گشتی و پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان دەکەن.