لە هەڵبژاردنی نیوەی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە ڕۆژی سێشەممە بەڕێوە دەچێت، لە 19 ویلایەتدا ئەو فەرمانڕەوایانەی کە لەسەر کارن ناوییان لە لیستی کاندیدەکاندا نیە و جارێکی دیکە خۆیان کاندید نەکردووەتەوە، ئەمەش بەهۆی سنوورداریی دەستووریی خولەکان یاخود بڕیاریی تاکەکەسی خۆیان بۆ دەستبەرداربوون لە پۆستەکان.
بەپێی زانیارییەکان، 15 فەرمانڕەوا بە هۆی تەواوبوونی وادەی یاسایی خولەکانییانەوە ناتوانن خۆیان کاندید بکەنەوە، 3 فەرمانڕەوا بە ویستی خۆیان بڕیارییان داوە خۆیان کاندید نەکەنەوە، هەروەها دان مککی فەرمانڕەوای ویلایەتی ڕۆد ئایلەند لە هەڵبژاردنی بەرایی پارتەکەی خۆیدا، پارتی دیموکراتەکان، توشی شکست هات و نەیتوانی بگاتە هەڵبژاردنی گشتی.
نەخشەی هێز لە نێوان کۆماری و دیموکراتەکاندا:
ئەم 19 پۆستەی کە فەرمانڕەواکانیان دەستبەرداری پۆستەکانییان بوون، بەسەر هەردوو پارتە سەرەکییەکەدا دابەش بوون. لە ئێستادا 10 پۆستییان لە دەستی پارتی کۆماریی و 9 پۆستییان لە دەستی پارتی دیموکراتدان. ئەنجامی دەنگدانی ئەمڕۆ ئەوە یەکلایی دەکاتەوە کە ئایا ئەم پارتانە دەتوانن پۆستەکانییان بپارێزن یاخود دەیدەنە دەست ڕکابەرەکانییان.
بە گشتی، ئەمڕۆ دەنگدەران لە 36 ویلایەتی ئەمەریکادا دەنگ دەدەن بۆ هەڵبژاردنی فەرمانڕەوای نوێ.
فەرمانڕەواکان باڵاترین بەرپرسی جێبەجێکارن لە ویلایەتەکانی خۆیاندا و ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە جێبەجێکردنی یاساکان و ڕێکخستنی بودجە و بەڕێوەبردنی دۆخی نائاسایی و کارەساتە سروشتییەکان.