وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕایگەیاند بە مەبەستی چاودێریکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکا نزیکەی هەزار چاودێری ڕەوانەی سەرجەم 50 ویلایەتەکەی وڵات کردووە.
وەزارەتەکە ئەم هەنگاوەی بە گەورەترین کاری چاودێریی هەڵبژاردنەکان لە مێژووی خۆیدا ناوبردووە.
بەپێی بەیاننامەیەکی ئەمڕۆی وەزارەتەکە، بەشی مافە مەدەنییەکان سەرپەرشتی و ئاسانکاری بۆ ئەم کارە بەرفراوانە دەکات. لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ''تیمی چاودێران لە کارمەندانی بەشی مافە مەدەنییەکان، لە بەش و دامەزراوەکانی دیکەی وەزارەتی داد، ئۆفیسی داواکاری گشتی ئەمەریکا و چاودێرانی فیدڕاڵیی لە ئۆفیسی کارمەندان پێکهاتووە.''
وەزارەتی داد ناردنی ئەم چاودێرانەی وەکو هەنگاوێک بۆ ''پاراستنی ڕاستی و دروستی هەڵبژاردنەکان'' ناوبردووە، کە بە یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا هەژمار دەکرێت. هاوکات لیستێکی 126 ناوچەیی لە سەرانسەری ئەمەریکادا بڵاو کردەوە کە چاودێرە فیدڕاڵییەکانی تێدا جێگیرکراون.
میکانیزمی چاودێریکردن و یاساکان:
ئەرکی سەرەکی چاودێرانی وەزارەتەکە بریتییە لە پشکنین و دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی یاسا فیدڕاڵییەکانی تایبەت بە پاراستنی مافی دەنگدان. ئەم یاسایانە ڕێگری لە ترساندنی دەنگدەران و جیاکاری دەکەن، هەروەها گەرەنتی دابینکردنی هەلی یەکسان بۆ دەنگدانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەدەن.
وەزارەتی داد ئاماژەی بەوەشدا کە کارمەندەکان لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکاندا بەردەوام لە پەیوەندیدا دەبن لەگەڵ بەرپرسانی ویلایەت و ناوچەکان، ئەوەش بە مەبەستی ئەوەی ڕاستەوخۆ سەرنج و سکاڵای هاووڵاتییان سەبارەت بە پڕۆسەی دەنگدان وەربگرن.
جێی ئاماژەیە، وەزارەتی دادی ئەمەریکا لە ساڵی 1965ـەوە، دوای دەرچوونی یاسای مافی دەنگدان، بەردەوام چاودێری ڕەوانەی بنکەکانی هەڵبژاردن دەکات، بەڵام ئەم خولە بە بەرفراوانترین هەڵمەتی چاودێری دادەنرێت لە مێژووی ئەمەریکادا.