ئەمەریکاییەکان ڕۆژی سێشەممە 3ـی مانگی یازدە بۆ هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، کە بە میدتێرم ناسراوە، چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان. هەڵبژاردنەکان پێکهاتەی کۆنگرێس بۆ دوو ساڵی کۆتایی سەرۆکایەتی سەرۆک دۆناڵد ترامپ دیاریدەکات و دەتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەر پرۆسەی یاسادانان و پەیوەندییەکانی دەسەڵاتی یاسادانان لەگەڵ کۆشکی سپی.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، سەرجەم 435 کورسی ئەنجومەنی نوێنەران و 35 کورسی لە 100 کورسی ئەنجومەنی سینات هەڵبژاردنیان بۆ دەکرێت. لە ئێستادا کۆمارییەکان زۆرینەیان لە هەردوو ئەنجومەنەکەدا هەیە و دیموکراتەکان هەوڵدەدەن ئەو هاوكێشەیە بگۆڕن.
هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکا یان میدتێرم هەر چوار ساڵ جارێک لە ناوەڕاستی خولی سەرۆکی ئەمەریکادا بەڕێوە دەچێت. بەپێچەوانەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، سەرۆک لەم دەنگدانەدا هەڵنابژێردرێت، بەڵام دەنگدەران بە گۆڕینی پێکهاتەی کۆنگرێس دەتوانن کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی حکومەت هەبێت.
لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دووەمەوە، پارتی سەرۆک لە زۆربەی هەڵبژاردنەکانی میدتێرمدا بەشێک لە کورسییەکانی لەدەست داوە. ئەم ڕەوتە مێژووییە بە زۆری پەیوەست بووە بە ناڕازیبوونی دەنگدەران لە ئەدای حکومەت و خواستی هاوسەنگکردنی لقەکانی حکومەت.
لە ئێستادا و پێش هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە، کۆمارییەکان بە کۆی گشتی 218 کورسیان لە بەرامبەر 214 کورسی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران هەیە و 53 کورسییان بەرامبەر بە 43 کورسی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سینات هەیە.
دیموکراتەکان بۆ بەدەستهێنانی زۆرینە لە ئەنجومەنی سینات پێویستیان بە چوار کورسی زیاتر هەیە. هەروەها کێبڕکێی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش زۆر نزیکە لە یەکتر و گۆڕانکاری لە ژمارەیەکی کەمی کورسییەکاندا دەتوانێت هاوسەنگی هێز بگۆڕێت.
بەپێی ڕاپرسی و هەڵسەنگاندنەکانی هەڵبژاردن کە پێش دەنگدانەکە بڵاوکراونەتەوە، کێبڕکێی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی سیناتیش لە چەند ویلایەتێکدا توندە، بەڵام ئەنجامی کۆتایی بەندە بە ڕێژەی بەشداریکردن و ژماردنی دەنگەکان.
ئابووری و شەڕی ئێران و ناکۆکییە نێوخۆییەکان
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، تێچووی ژیان، نرخی سووتەمەنی و خۆراک، باجی بازرگانی و دەرئەنجامەکانی شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لە گرینگترین بابەتەکانی جێی بایەخی دەنگدەرانن لە ئەمەریکا.
دیموکراتەکان لە بانگەشەکانی هەڵبژاردنەکانیاندا جەختیان لەسەر بەرزبوونەوەی خەرجییەکان وتێچووی ژیان و دەرئەنجامە ئابوورییەکانی سیاسەتەکانی حکومەت کردووە. کۆمارییەکانیش بەرگرییان لە سیاسەتی ئابووری و کۆچبەری و ئاسایشیی سەرۆک ترامپ کردووەتەوە و نەیارەکانیان تۆمەتبار کردووە بەوەی پشتگیری لەو سیاسەتانە دەکەن کە پێیان وایە زیان بە ئابووری و ئاسایشی نیشتمانی دەگەیەنن.
کێبڕکێی ئەنجومەنی سینات بە تایبەتی لە ویلایەتەکانی وەک میشیگان، ئەلاسکا، تەکساس، کانزاس و مەین گرنگە.
کاریگەرییەکانی هەڵبژاردن لەسەر پێکهاتەی دەستەڵات
ئەگەر دیموکراتەکان کۆنتڕۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەست بهێنن، دەتوانن سەرۆکایەتی لیژنەکانی بگرنە ئەستۆ و لێکۆڵینەوە لە ئەدای حکومەت بکەن و بەرپرسانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بانگهێشت بکەن بۆ ئەوەی شایەتی بدەن.
ئەگەر زۆرینەی ئەنجومەنی سینات بگۆڕێت، ئەوا پرۆسەی پشتڕاستکردنەوەی کاندیدەکانی سەرۆک بۆ وەزیر و باڵیۆز و دادوەریش کاریگەری لەسەر دەبێت.
بەڵام ئەگەر تەنانەت کۆنگرێسیش بگۆڕێت، سەرۆک ترامپ هێشتا دەسەڵاتە یاساییەکانی خۆی، لەوانەش مافی ڤیتۆکردنی پڕۆژە یاساکان، و هەندێک دەسەڵاتی جێبەجێکردنی بەسەر سیاسەتی دەرەوەدا دەبێت.
لەبەرامبەردا، پاراستنی زۆرینەی کۆمارییەکان لە هەردوو ئەنجومەنەکەدا دەتوانێت یارمەتی کۆنگرێس و کۆشکی سپی بدات بۆ بەردەوامبوون لە کارکردنی نزیکتر لە دەرکردنی یاساکان و پشتڕاستکردنەوەی دامەزراندنەکان.
جگە لە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس، دەنگدەرانی دەیان ویلایەت بڕیار لەسەر فەرمانڕەواکان و نوێنەرانی ئەنجوومەنی ویلایەتەکان دەدەن و چەند پرسێکی ناوخۆی ویلایەتەکان دەخەنە ڕیفراندۆمەوە.
کێبڕکێی دوو حزبی سەرەکی بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆنگرێس و کاریگەرییەکانی لەسەر بەڕێوبەرایەتی ترامپ