پەرلەمانی گرینلاند ڕێککەوتنێکی ئاسایشی لەگەڵ ئەمەریکا و دانیمارک پەسەند کرد کە ئامادەیی سەربازیی ئەمەریکا لە دوورگە ستراتیژییەکەدا فراوان دەکات.
لە رێککەوتنەکەدا دان بە سەروەری دانیمارک و مافی چارەی خۆنووسینی گەلی گرینلاند دەنرێت.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەندامانی پەرلەمانی گرینلاند ڕۆژی سێشەممە 3ـی مانگی سێ ڕێککەوتنەکەیان بە 16 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە هیچ دەنگێکی نەخێر و 7 دەنگی بێلایەن پەسەند کرد. بەم شێوەیە ڕێگە خۆشکرا بۆ دروستکردنی دوو بنکەی سەربازیی نوێی ئەمەریکا و جێگیرکردنی سیستەمی بەرگری مووشەکی گۆڵدن دۆمی سەرۆک ترامپ.
ڕێککەوتنەکە لە مانگی هەشتی ئەمساڵدا لە نێوان ئەمەریکا، دانیمارک و گرینلاند واژۆ کرا.
وەزیری دەرەوەی گرینلاند ڕێککەوتنەکەی بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ دوورگەکە ناوبرد و ئاماژەی بەوەشکرد گرینلاندییەکان سەرەڕای سەختییەکانی پرۆسەی دانوستاندن، پابەندبوون بە بنەما سەرەکییەکانیانەوە و گفتوگۆیان هەڵبژاردووە بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەیان.
بەڵام پارتی ئۆپۆزسیۆنی ئەو دورگەیە کە پشتیوانی سەربەخۆیی گرینلاند دەکات، خۆی لە ڕێککەوتنەکە بەدوور گرت و ڕەخنەی گرت لە "نەبوونی سوودی ئابووری بەرجەستەی ڕککەوتنەکە" بۆ ئەو دوورگەیە.
بەگوێرەی خشتەی ڕاگەیەندراو، پەرلەمانی دانیمارک لە 11ـی ئەم مانگەوە دەست بە پێداچوونەوەی سەرەتایی خۆی بۆ ڕێککەوتنەکە دەکات. بڕیارە ڕۆژی 28ـی ئەم مانگە دەنگدانی کۆتایی بکرێت و ڕێککەوتنەکە لە دانیمارک و گرینلاند دوای پەسەندکردنی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەروەها بەهۆی سروشتی جێبەجێکارییەوە، پێویستی بە پشتڕاستکردنەوەی لەلایەن ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکاوە نییە.