حکومەتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای وزەی ئەمەریکایی شێڤرۆن گەیشتووەتە ڕێککەوتنێک بۆ واژۆکردنی گرێبەستێکی تایبەت بە کێڵگەی نەوتی قوڕنەی ڕۆژئاوا-2 پێش کۆتایی ساڵی 2026، وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمەی ڕاگەیاند.
وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی دا بەوەی وەزیری نەوت باسم محەمەد خوزەیر عەبادی پێشوازیی کرد لە بەڕێوەبەری گشتیی پەرەپێدانی بازرگانی لە کۆمپانیای شێڤرۆن جۆو کۆک. هەردوو لا کارەکانی تەواوکردنی گرێبەستی قوڕنەی ڕۆژئاوا-2ـیان تاوتوێ کردووە، و باسی چۆنیەتی خێراکردنی گفتوگۆکانیان لە ڕۆژانی داهاتوودا کردووە بۆ واژۆکردنی گرێبەستەکە هەتا کۆتایی ئەمساڵ.
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، هەروەها ڕێککەوتوون لەسەر بەردەوامبوونی گفتوگۆکان سەبارەت بە گرێبەستی پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی ناسریە و چوار بلۆکی گەڕان بەدوای نەوت و گازدا.
وەزیرەکەی عێراق جەختی کردووەتەوە لەوەی وەزارەتەکەی پشتگیریی پێویست بۆ کۆمپانیای شێڤرۆن و کۆمپانیا ئەمەریکاییەکانی دیکەی چالاک لە عێراق دابین دەکات و هەوڵ دەدات هەموو بەربەستەکانی بەردەم کارکردنیان لاببات. جەختی کردووەتەوە لە گرنگیی ئامادەبوونی کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان لە عێراق، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی گونجاو و کاریگەر وەبەرهێنان لە کەرتەکانی نەوت و گازدا بکەن.
وەزیری نەوتی عێراق هەروەها گوتوویەتی کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان شارەزاییەکی فراوانیان لە بواری وەبەرهێنان و پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکاندا هەیە، جگە لە توانای گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و ڕاهێنان و پەرەپێدانی توانای کارمەندان.
باسم محەمەد خوزەیر عەبادی ڕایگەیاند، "ئێمە باوەڕمان وایە کە ژینگەی ئێستای عێراق لەبارە بۆ وەبەرهێنان، و بەڵگەش بۆ ئەوە ئامادەبوونی کۆمپانیا ئەمەریکاییەکانە لە عێراق."
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە کە لە بەرامبەردا، جۆو کۆک، بەڕێوەبەری گشتیی پەرەپێدانی بازرگانی لە شێڤرۆن، سوپاسی وەزیری نەوتی عێراقی کرد بۆ هاوکارییەکانی لەگەڵ کۆمپانیاکە و هیوازی خواست کە هاوبەشی و هاوکارییەکی درێژخایەن لەنێوان هەردوو لادا دروست بکرێت.
کێڵگەی قوڕنەی ڕۆژئاوا-2 پێشتر لەلایەن کۆمپانیای ڕووسی لوکئۆیەڵ بەڕێوە دەبرا، بەڵام دواتر بە هۆی سزاکانی ئەمەریکاوە ئەو کۆمپانیایە کشایەوە. پاشان کۆمپانیای نەوتی بەسرە، کە سەر بە دەوڵەتی عێراقە، بە شێوەیەکی کاتی کاری کێڵگەکەی وەرگرتەوە، لە کاتێکدا بەغدا گفتوگۆی دەکرد بۆ ڕێککەوتنێکی درێژخایەن لەگەڵ شێڤرۆن.
بەپێی خەمڵاندنەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، کێڵگەکە زیاتر لە 13 ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتی خاوی تێدایە و ڕۆژانە لە نێوان 400 هەزار بۆ 480 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، کە نزیکەی 10%ـی کۆی بەرهەمی نەوتی خاوی عێراق دەکات.