Accessibility links

خانمی یەکەمی ئەمەریکا نوێنەرانی ڕووسیا و ئۆکراینا لە کۆشکی سپی کۆدەکاتەوە

کۆشکی سپی ڕایگەیاند مەڵانیا ترامپ خانمی یەکەمی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە 5ـی ئەم مانگە میوانداری نوێنەرانی ڕووسیا و ئۆکراینا دەکات لە کۆشکی سپی.

ئەم هەنگاوە دوای هەوڵەکانی خانمی یەکەم دێت بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی مرۆیی نێوان هەردوو وڵات لە شاری ئۆلێشکی لە خێرسۆن.

نووسینگەی خانمی یەکەمی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە کۆبوونەوەی نوێنەرانی دوو وڵاتەکەی لە بەیاننامەیەکدا بە "ساتێکی مێژوویی بەرچاو لە مێژووی ئەمەریکادا" ناوبردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە مەڵانیا ترامپ بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئاسانکاری بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا کردووە و توانیویەتی بگاتە ڕێککەوتنێک بۆ دامەزراندنی ئاگربەست لە شاری ئۆلێشکی و ناوچەکانی دەوروبەری لە هەرێمی خێرسۆن.

کۆشکی سپی ئەم دەستکەوتەی بە "دەستپێشخەرییەکی دیپلۆماسی بێ وێنەی خانمی یەکەمی ئەمەریکا" ناوبردووە.

بەپێی نووسینگەی خانمی یەکەم، بڕیارە مەڵانیا ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە کاتژمێر 11ـی بەیانی بەکاتی واشنتن لە کۆشکی سپی سەبارەت بە ئاگربەستی ئۆلێشکی قسە بکات.

پێشتر کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو کە خانمی یەکەم سەرکەوتوو بووە لە ناوبژیوانی ئاگربەستی کاتیی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە شاری ئۆلێشکی باشووری ئۆکراینا.

ئامانجی ڕێککەوتنەکە ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بوو بۆ ماوەیەکی کاتی بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێت هاوکارییە مرۆییەکان بگەیەنرێت و ڕێگایەکی سەلامەت بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیانی مەدەنی دابین بکرێت.

مەڵانیا ترامپ لە لێدوانەکەی پێشوویدا هۆشداریی دابوو کە ئەو شارە لە لێواری کارەساتدایە و ئاماژەی بە تێکچوونی دۆخی مرۆیی ئۆلێشکی کردبوو.

بە گوتەی خانمی یەکەمی ئەمەریکا، زۆربەی ئەو دانیشتووانەی کە لە شارەکەدا ماونەتەوە، کەسانی بەساڵاچوون کە بەپەلە پێویستییان بە خزمەتگوزاریی پزیشکی و دەرمان و خۆراک و ئاوی پاکی خواردنەوە هەیە.

بەرپرسانی هەردوو وڵات هەروەها ستایشی ڕۆڵی خانمی یەکەمی ئەمەریکایان کرد لە نێوەندگیری بۆ ئاگربەستی کاتی و ئاسانکاری بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان و گواستنەوەی خەڵکی مەدەنی.

This item is part of
XS
SM
MD
LG