وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، بەڕێوبەرایەتی سەرۆک ترامپ بەردەوام دەبێت لە بە ئامانجگرتنی سەرچاوە نایاساییەکانی داهاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەو تۆڕانەی کە تاران بۆ دەربازبوون لە سزاکان دایناون.
لێدوانەکەی وەزارەتی دەرەوە لە وەڵامی ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرزدا هات سەبارەت بە تۆڕی نهێنیی دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران بۆ دەربازبوون لە گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا و سزاکانی ڕۆژئاوا.
وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە، 3ـی مانگی یازدە، لە وەڵامی پرسیارێکی سۆران خاتری پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "بەڕێوبەرایەتی ترامپ ئۆپراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووریی دەستپێکردووە بە ئامانجی بڕینی شادەماری ئابووری گەورەترین پشتیوانی دەوڵەتی جیهان بۆ تیرۆر."
وتەبێژەکە لە وەڵامی دەنگی ئەمەریکادا هەروەها وتی، "لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووریدا، ئەو تۆڕ و لایەنانە دەکەینە ئامانج کە ئاسانکاری دەکەن بۆ قاچاخچێتی نەوت و دەربازبوون لە سزاکان."
وتیشی، "ئێمە بەردەوام دەبین لە بەئامانجگرتنی هەر سەرچاوەیەکی داهاتی نایاسایی کە ڕژێم بەکاری دەهێنێت و هەروەها هەر پلان و تۆڕێک کە ئاسانکاری دەکات بۆ دەربازبوون لە سزاکان."
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها جەختی لەوە کردەوە ئەمەریکا هێشتا بەردەوامە لە ڕێگریکردن و پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی ئێران بۆ تێکدانی ئازادی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز و بەبارمتەگرتنی ئابووری جیهانی.
ڕۆیتەرز ڕۆژی دووشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئێران تۆڕێکی نهێنی لە دامەزراوە سەربازییەکانی دروست کردووە و لە ساڵی 2024ـەوە لانیکەم بە بڕی دوو ملیار دۆلار کەرەستە و تەقەمەنی و بارهەڵگری لە ڕێگایانەوە هاوردە کردووە، ئەمەش بۆ دەربازبوون لە گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا و سزاکانی ڕۆژئاوا.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ڕۆیتەرز، ئەم تۆڕە زیاتر لە پێنج هەزار دامەزراوە لەخۆ دەگرێت کە هەندێکیان پەیوەستن بە سوپای پاسداران و دەسەڵاتی ڕژێمی ئێرانەوە.