Accessibility links

شیکردنەوە: هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکا

ڕۆژی سێشەممە دەنگدەرانی ئەمەریکایی لە هەموو ویلایەتەکان ڕوویان کردە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بەشدارییان لە پڕۆسەی دەنگداندا کرد، ئەمەش دوای ئەوەی ملیۆنان کەس پێشوەخت یاخود پێش ڕۆژی هەڵبژاردنی گشتی دەنگی خۆیان دا.

ناوەندەکانی دەنگدان لە سەرجەم 50 ویلایەتەکەی ئەمەریکا و واشنتنی پایتەخت لەم ڕۆژەدا دەکرێنەوە و بڕیارە تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا پڕۆسەکە لە سەرجەم ناوچەکان دەست پێبکات. بنکەکانی دەنگدان لە ناوچەکاندا کاتژمێر 6ـی ئێوارە بە کاتی خۆجێی دەرگاکانییان دادەخەن.

هەڵبژاردنی نیوەی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بە هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز دادەنرێت، چونکە ئەنجامەکانی دیاری دەکات کام پارت کۆنتڕۆڵی زۆرینەی کۆنگرێس دەکات.

لەم خولەدا سەرجەم 435 کورسییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەگەڵ 35 کورسی لە کۆی 100 کورسی ئەنجوومەنی سینات یەکلایی دەبنەوە. لە هەمان کاتیشدا، دەنگدەران لە 36 ویلایەتدا پۆستی فەرمانڕەوای ویلایەت هەڵدەبژێرن.

ئەنجوومەنی نوێنەران:

ئەنجوومەنی نوێنەران لە 435 ئەندام پێکهاتووە و پشکی هەر ویلایەتێک بەپێی ڕێژەی دانیشتوانەکەی دیاری دەکرێت، هەروەها هەر ئەندامێک بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵدەبژێردرێت.

ئەنجوومەنی نوێنەران و سینات پێکەوە کۆنگرێسی ئەمەریکا پێکدەهێنن. بە گوێرەی دەستوری ئەمەریکا، کۆنگرێس خاوەنی دەسەڵاتی ڕەهایە بۆ دەرکردنی یاسا فیدڕاڵییەکان و ڕاگەیاندنی جەنگ.

دابەشبوونی کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران بە گوێرەی ویلایەت.
دابەشبوونی کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران بە گوێرەی ویلایەت.

بەپێی نەخشەی هێز لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا، هەردوو پارتە سەرەکییەکە، کۆماری و دیموکرات، ڕکابەرییەکی توند دەکەن بۆ بە دەستهێنانی زۆرینە. لە ئێستادا ئەنجوومەنەکە پێکهاتووە لە 218 نوێنەری کۆماریی و 214 نوێنەری دیموکرات و نوێنەرێکی سەربەخۆ.

ئەنجوومەنی سینات:

ئەنجوومەنی سینات لە 100 ئەندام پێکهاتووە و هەر ویلایەتێک بە دوو سیناتۆر نوێنەرایەتی دەکرێت. ماوەی خولی نوێنەرێک لە ئەنجوومەنی سینات شەش ساڵە و هەموو دوو ساڵ جارێک نزیکەی یەک لە سێی کورسییەکانی ئەنجوومەنەکە دەخرێنە دەنگدانەوە.

سەرەڕای ئەوەی کە 33 کورسی ماوەی ئاساییان تەواو دەبێت، ئەمساڵ بۆ دوو کورسی دیکەش هەڵبژاردنی تایبەت بەڕێوە دەچێت، بە جۆرێک کە کۆی گشتی ئەو کورسییانەی کە هەڵبژاردنییان لەسەر دەکرێت دەبێتە 35 کورسی.

بە پێی یاسا دەبوو ئەمساڵ 33 ئەندامی سینات هەڵبژێردرێن، بەڵام جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوە کە پێشتر سیناتۆر بوون، لە 2025ـەوە بوون بە بەشێک لە حکومەت و هەر یەک لە ئاشلی مۆدی و جۆن هاستد بە شێوەیەکی کاتی شوێنەکانیان لە ئەنجوومەنی سینات گرتوون. بۆیە هەڵبژاردن بۆ شوێنی ئەو دوو ئەندامەش دەکرێت و بەمەش لە ئەمساڵدا هەڵبژاردن بۆ 35 ئەندامی ئەنجوومەنی سینات دەکرێت.

ناوچەکانی هەڵبژاردن بۆ سینات لە ویلایەتەکاندا. تەنها ئەو هێڵانەی لە ویلایەتەکاندا بەتەواوی ڕەنگ نەکراون دەنگیان لەسەر دەدرێت.
ناوچەکانی هەڵبژاردن بۆ سینات لە ویلایەتەکاندا. تەنها ئەو هێڵانەی لە ویلایەتەکاندا بەتەواوی ڕەنگ نەکراون دەنگیان لەسەر دەدرێت.


لە ئێستادا ئەنجوومەنی سینات پێکهاتووە لە 53 نوێنەری کۆماریی و 45 نوێنەری دیموکرات و 2 نوێنەری سەربەخۆ.

بەپێی دەستور، ئەنجوومەنی سینات تەنها دەسەڵاتە کە مافی پەسەندکردنی ئەو پۆستە باڵایانەی هەیە کە لەلایەن سەرۆکی وڵاتەکەوە بەربژێر دەکرێن، هەروەها تەنها دەسەڵاتیشە کە مافی پەسەندکردنی ڕێککەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی هەیە.

جگە لەمانەش، ئەنجوومەنی سینات ڕۆڵی دادگاییکردنی ئەو بەرپرسە فیدڕاڵییانەی هەیە کە پێشتر لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە لە پڕۆسەی لێپێچینەوە و متمانەلێسەندنەوەدا تۆمەتبار کراون.

هەڵبژاردنی ویلایەتەکان:

ئەمڕۆ دەنگدەران لە 36 ویلایەتی ئەمەریکادا پۆستی فەرمانڕەواکان یەکلایی دەکەنەوە. فەرمانڕەوای ویلایەتەکان لەسەر ئاستی هەر ویلایەتێکدا باڵاترین بەرپرسی دەسەڵاتی جێبەجێکارن.

بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی نیشتیمانی فەرمانڕەواکان (NGA)، فەرمانڕەواکان بە گشتی بەرپرسن لە جێبەجێکردنی یاسا و سیاسەتەکانی ویلایەتەکانیان، دەستنیشانکردنی بەرپرسانی باڵا، پەسەندکردنی بودجەی ساڵانە و بەڕێوەبردنی دۆخی نائاسایی و کارەساتە سروشتییەکان. هاوکات لەسەر ئاستی ویلایەتەکانییان پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵدا ڕێکدەخەن.

ماوەی خولی ئەرکی فەرمانڕەوای ویلایەتەکان بە گشتی چوار ساڵە، جگە لە هەردوو ویلایەتی نیوهامشەر و ڤێرمۆنت کە ماوەی خولەکە لەو دوو ویلایەتەدا دوو ساڵە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG