Accessibility links

ڕۆیتەرز : ئەمەریکا و ئێران هێشتا دوورن لە ڕێککەوتن لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕ

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە بەرپرسێکی باڵای ئێران ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاندووە، ئێران و ئەمەریکا هێشتا دوورن لە ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، بەڵام هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکی و ڕێگریکردن لە گەڕانەوە بۆ شەڕی بەرفراوان بەردەوامن.

ئەو بەرپرسە ئێرانییە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە نیوەندگیران کاردەکەن بۆ کەمکردنەوەی کێشەکانی نێوان واشنتن و تاران. هەر لەو پێوەندییەدا نێوەندگیرانی قەتەر شەوی دووشەممە گەشتیان بۆ تاران کرد و تاوتوێی ئەگەری ڕەشنووسی ڕێککەوتننامەیەکیان کرد.

قەتەر هەروەها ڕایگەیاندووە ئێران و ئەمەریکا پابەندن بە پڕۆسەی نێوەندگیرییەوە و بەدواداچوون بۆ ئەو پێشنیارانە دەکەن کە لەلایەن نێوەندگیرییەکانەوە خراوەتەڕوو.

مەجید ئەنساری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند هەوڵە هاوبەش و چڕەکانی ناوچەکە بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان بەردەوامە و دۆحە بە هیوای گەیشتن بە ڕێککەوتنێکە کە ڕێگە خۆش بکات بۆ گفتوگۆکانی داهاتوو.

لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، سەبارەت بە ئەگەری هێرشێکی دیکە بۆ سەر ئێران لە دوای هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس وتی ئێران داوای ڕێککەوتن دەکات.

سەرۆکی ئەمەریکا لە وەڵامی ڕۆژنامەنووساندا کە ئایا بیر لە لێدانی ئێران دەکاتەوە لە دوای هەڵبژرادن، وتی نەخێر.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەی دی ڤانس ڕۆژی دووشەممە بە 'سی ئێن ئێن'ی ڕاگەیاند کە خۆی و ترامپ " ئاسۆییەکی ڕوون لە گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتیانە دەبینن".

This item is part of
XS
SM
MD
LG