Accessibility links

قەتەر هێرشێک بۆ سەر کەشتییەکی پشتڕاست دەکاتەوە

قەتەر و کوەیت بە توندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر کەشتی گواستنەوەی گازی سروشتی شلکراوی ئەلمایدە لە کەنداو دەکەن.

بلومبێرگ ڕۆژی یەکشەممە بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاویکردەوە هێرشەکە بۆ سەر ئەو کەشتییە لەکاتێکدایە کە پێشتر پاکستان ڕەزامەندی لە ئێران وەرگرتووە بۆ ئەوەی ئەو کەشتییە بە سەلامەتی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕێت.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە بەیاننامەیەکدا هێرشەکەی بۆ سەر کەشتییەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و بە کردەوەیەکی مەترسیدار ناوی بردووە کە هەڕەشە لە ئاسایشی وزەی ناوچەکە دەکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە حکومەتی قەتەر بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، مافی خۆیەتی هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ پاراستنی موڵک و ماڵی و بەرژەوەندییەکانی و دڵنیابوون لە سەلامەتی کەشتی و کارمەندەکانی، بگرێتەبەر.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی کوەیتیش بەیاننامەیەکی بڵاو کردووەتەوە و بە توندی سەرکۆنەی هێرشی سەر کەشتیی گواستنەوەی گازی قەتەری کرد و داوای ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و دەستەبەرکردنی هاتوچووی کەشتییەکانی کرد.

ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە کە شاندێکی ئەو وڵاتە وەک نێوەندگیر ماوەی سێ ڕۆژە لە تاران و دەوحە لەهەوڵدان بۆ رێگەخۆشکردن بۆ گەیشتنی ئێران و ئەمەریکا بە ڕێککەوتن.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بە پشتبەستن بە ئاژانسی فەرمی قەتەر، کەشتی ئەلمایدە کە خاوەنەکەی کۆمپانیای کەشتیوانی قەتەری ناقلاتە، شەوی هەینی لە کاتی تێپەڕبوونی بە تەنگەی هورمزدا کراوەتە ئامانج.

This item is part of
XS
SM
MD
LG