پێچەوانەی زۆربەی وڵاتانی جیهان کە هەڵبژاردنەکانیان لەلایەن کۆمیسیۆنێکی ناوەندییەوە بەڕێوەدەبرێن، لە ئەمەریکا هەزاران دەزگا و دامەزراوەی ویلایەتەکان، سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان دەکەن.
ئەم سیستەمە لامەرکەزییە یەکێکە لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی دیموکراسی ئەمەریکا کە تێیدا ویلایەتەکان بەرپرسیاریی سەرەکی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانیان لە ئەستۆدایە، لە کاتێکدا ڕۆڵی حکومەتی فیدراڵی سنووردارترە.
بۆ نمونە کاتێک لە سێی مانگی یازدە، هەڵبژاردنی کۆنگرێس لە نیوەی خولی سەرۆکایەتیدا ئەنجام دەدرێت تەنها یەک هەڵبژاردن نییە بەڵکو نزیکەی دە هەزار هەڵبژاردنی جیاواز لە شارو شارۆچکەکانی سەرتاسەری ئەمەریکا بەپێی یاسای ویلایەتە جیاوەزەکان بەڕێوە دەچێت.
هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا چۆن بەڕێوەدەبرێن؟
بەپێی دەستووری ئەمەریکا، ویلایەتەکان بەرپرسیارییەتی سەرەکیی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانیان لە ئەستۆدایە. حکومەتی ویلایەتەکان یاسا و ڕێساکانی هەڵبژاردن دادەنێن، بەڵام زۆربەی کارە ڕۆژانەکان لەلایەن بەرپرسانی خۆجێییەوە ئەنجام دەدرێن.
ئەم کارانەش بریتین لە تۆمارکردنی دەنگدەران، نوێکردنەوەی لیستی دەنگدەران، بەڕێوەبردنی ناوەندەکانی دەنگدان و ژماردنی دەنگەکان.
دەیڤد بێکەر، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە ناوەندی نوێکاری و توێژینەوەی هەڵبژاردن بۆ دەنگی ئەمەریکای شیکردەوە کە شێوازی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لە ویلایەتێکەوە بۆ ویلایەتێکی تر جیاوازن و گوتی "ویلایەتەکان یاسا و ڕێساکانی هەڵبژاردن دادەنێن و شێوازی بەڕێوەبردنی دیاری دەکەن. هەندێک ویلایەت زیاتر پشت بە دەنگدان لە ڕێگەی پۆستەوە دەبەستن، لە کاتێکدا بەشێک لە ویلایەتەکانیش دەرفەتی دەنگدانی پێشوەختە بە شێوەی ئامادەبوونی کەسی دابین دەکەن. بۆیە ڕێکارەکانی هەڵبژاردن لە ویلایەتێکەوە بۆ ویلایەتێکی تر جیاوازن."
ڕۆڵی حکومەتی فیدراڵی چییە؟
هەرچەندە حکومەتی فیدراڵی ڕاستەوخۆ هەڵبژاردنەکان بەڕێوەنابات، بەڵام ڕۆڵێکی گرنگی لە دانانی هەندێک یاسای سەرتاسەری و پاراستنی مافەکانی دەنگدان و ئاسایشی هەڵبژاردنەکاندا هەیە.
کۆنگرێسی ئەمەریکا دەتوانێت یاسای فیدراڵی تایبەت بە هەڵبژاردنەکان پەسەند بکات، لە کاتێکدا دامەزراوە فیدراڵییەکان هاوکاری ویلایەتەکان دەکەن بۆ پاراستنی سیستەمی هەڵبژاردن و جێبەجێکردنی یاساکانی پاراستنی مافی دەنگدەر.
مات وایڵ، جێگری سەرۆکی بەرنامەی حکومڕانی لە ناوەندی سیاسەتی هەردوو پارتی سیاسی، دەڵێت "سیستەمەکەمان لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە ویلایەتەکان دەسەڵاتی سەرەکییان لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکاندا هەبێت. دەستوور بە ڕوونی ئەم بەرپرسیارییەی بە ویلایەتەکان داوە."
وایڵ ڕوونی دەکاتەوە کە ئەگەر حکومەتی فیدراڵی بیەوێت لە ڕێگەی یاسادانانەوە گۆڕانکاری لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بکات، پێویستە یاساکە لەلایەن کۆنگرێسەوە پەسەند بکرێت و سەرۆک کۆماریش واژۆی بکات، یان کۆنگرێس ڤیتۆی سەرۆک کۆمار تێپەڕێنێت.
بۆچی هەڵبژاردنەکان بە شێوەی لامەرکەزی بەڕێوەدەبرێن؟
پشتیوانانی ئەم سیستەمە پێیان وایە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لە ئاستی خۆجێیی دەرفەت بە کۆمەڵگا جیاوازەکان دەدات پرۆسەی دەنگدان بەپێی پێداویستییەکانی خۆیان ڕێکبخەن.
هەروەها پێیان وایە دابەشکردنی بەرپرسیارییەکان لە نێوان هەزاران دەزگای هەڵبژاردندا، سیستەمەکە لە بەرامبەر هێرشە ئەلیکترۆنییەکان و کێشە گەورەکاندا بەهێزتر دەکات.
مات وایڵ دەڵێت "بوونی سیستەمێکی لامەرکەزی وا دەکات هێرشکردنە سەر پرۆسەی هەڵبژاردن زۆر قورس بێت. ناوچە جیاوازەکان ئامێر و ڕێکاری جیاواز بەکاردەهێنن. ڕەنگە هەزاران خاڵی لاواز هەبن، بەڵام کێشەیەک لە یەک شوێندا ناتوانێت تەواوی سیستەمەکە تێکبدات."
لە هەمانکاتدا، بەرپرسانی خۆجێیی هەڵبژاردنەکان جەخت لە گرنگیی شەفافیەت و بەشداریی کۆمەڵگا دەکەنەوە بۆ زیادکردنی متمانەی هاووڵاتیان بە پرۆسەی هەڵبژاردن.
بۆبی گڕۆس، بەرپرسی تۆمارکردن و هەڵبژاردنەکانی ناوچەی میسا لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوتووە کە لە ساڵی 2023ەوە دەستیان کردووە بە بانگهێشتکردنی هاووڵاتیان بۆ سەردانکردنی دامەزراوەکانی هەڵبژاردن و بەشداری لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ڕوونکردنەوەی پرۆسەکە.
گڕۆس دەڵێت "هەموو ئەم هەوڵانە بۆ ئەوەیە متمانە لە نێو کۆمەڵگاکەماندا دروست بکەین."
سوود و کێشەکانی سیستەمی هەڵبژاردنی ئەمەریکا
سەرەڕای سوودەکانی، سیستەمی لامەرکەزی هەڵبژاردن لە ئەمەریکا بێ کێشە نییە.
جیاوازیی یاساکان، مەرجەکانی تۆمارکردنی دەنگدەران و شێوازەکانی دەنگدان لە نێوان ویلایەتەکاندا، هەندێک جار دەبێتە هۆی ئاڵۆزی و سەرلێشێواوی بۆ دەنگدەران، بەتایبەتی ئەوانەی لە ویلایەتێکەوە بۆ ویلایەتێکی تر دەگوازنەوە.
بەڵام پشتیوانانی ئەم سیستەمە پێیان وایە ئەم جیاوازییانە ڕەنگدانەوەی خواست و پێداویستییەکانی دانیشتوانی هەر ویلایەتێکن.
مات وایڵ دەڵێت "یەکێک لە سوودەکانی ئەم سیستەمە ئەوەیە کە ڕەنگدانەوەی ویستی دەنگدەرانە لە هەر ویلایەتێکدا."
بەم شێوەیە، هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا لە واشنتنەوە بەڕێوەنابرێن، بەڵکو هەزاران بەرپرسی ویلایەتی و خۆجێیی لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا فیدراڵی و ویلایەتییەکاندا بەڕێوەیان دەبەن.
هەرچەندە ئەم سیستەمە ئاڵۆزییەکانی خۆی هەیە، بەڵام شیکەرەوان پێیان وایە لامەرکەزیبوونی یەکێکە لە خاڵە بەهێزە سەرەکییەکانی هەڵبژاردن لە ئەمەریکا.
کێ هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا بەڕێوەدەبات؟ سیستەمی هەڵبژاردن لە ئەمەریکا چۆن کار دەکات؟