Accessibility links

سەرۆک ترامپ: هێشتا یەک یان دوو ئامانجی دیکە لە ئێران ماون هێرشیان بکرێتە سەر

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئێوارەی شەممە ڕایگەیاند ئەمەریکا بەشێکی زۆری توانای سەربازی ئێرانی لەناوبردووە، بەڵام هێشتا "یەک یان دوو ئامانجی دیکە" ماون هێرشیان بکرێتە سەر.

سەرۆک ترامپ لە فلۆریدا لە قسەکانیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، جەختی لەوە کردەوە کە دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران "بە باشی بەڕێوەدەچن" و گوتیشی "بەڵام وەک دەزانن زۆر جێگای متمانە نین."

سەرۆکی ئەمەریکا وتی واشنتن هیچ پەلەی نییە لە ئەنجامدانی هێرشەکان، چونکە پێشتر توانای سەربازی و بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی زۆر لاواز کردووە.

دۆناڵد ترامپ ڕوونیشیکردەوە "ئێمە بەرنامە ئەتۆمییەکەیانمان لەناوبردووە، بەڵام هێشتا دەبێت چارەنووسی شوێنێک یان دوو شوێن کە ماونەتەوە، یەکلایی بکەینەوە و دەتوانین بە 10 خولەک ئەو کارە بکەین."

ڕایشیگەیاند "دەتوانیت ئاماژە بە چیای کولەنگ گەزلا بکەیت؛پێویستە ئەوەش چارەسەر بکەین و دەتوانین زۆر بە خێرایی هەموو ئەمانە بکەین."

چیای کولەنگ گەزلا ئاماژەی بە دامەزراوەیەکی ئەتۆمی ژێرزەمینیی ئێرانە لە نزیک نەتەنزی ئەسفەهان کە چەندین جار لەبارەی ئەگری بۆردومان کردنی هۆشداریی داراوە، هەرچەندە ئێران ڕەتیکردووەتەوە هیچ چالاکییەکی ئەتۆمی لەوێدا هەبێت.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند دۆناڵد ترامپ تا ئێستا هیچ بڕیارێکی لەبارەی هێرشە نوێیەکانی سەر ئێران نەداوە و واشنتن هێشتا پێشوازی لە چارەسەری دیپلۆماسی دەکات.

This item is part of
XS
SM
MD
LG