ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی سەرۆکی ئیمارات، ڕۆژی یەکشەممە،1ی مانگی یازدە ڕایگەیاند "وڵاتەکەی هیوای بە پێشکەوتنی دیپلۆماسی لە نێوان ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە، بەڵام بۆ خراپترین حاڵەتیش ئامادەیە."
ئەنوەر محەمەد قەرقاش لە بیست و دووهەمین دانیشتنی مەنامە لە بەحرەین ڕایگەیاند "هیوادارین بەرەوپێشچوونی دیپلۆماسی بێتە ئاراوە"، ئاماژەی بەوەشکرد "لە بەرژەوەندی ناوچەکەدا نییە کە بە خولێکی دیکەی شەڕدا تێپەڕێت." ناوبراو بە ئاماژەدان بە ئەزموونی پێشووی ئیمارات، وتی وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ خراپترین حاڵەت و سناریۆ.
هەروەها باسی لەوەش کرد کە تەنگەی هورمز و هاتوچۆی کەشتییەکان دەبێت بگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی پێش جەنگ و ئەم پرسە بۆ ئەوە نییە قسەی لەسەر بکرێت.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، جاسم محەمەد ئەلبەدەوی، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو ڕایگەیاند وڵاتانی ئەندام لە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیدا زیانی مرۆیییان بەرکەوتووە و ژێرخانی مەدەنی و ژیانیان زیانی بەرکەوتووە.
دانیشتنی مەنامە لە 30ی مانگی دە تا 1ی مانگی یازدە لە بەحرەین بەردەوام بووە و شاندەکانی زیاتر لە 50 وڵاتی جیهان بە زیاتر لە 40 وەزیر و فەرماندەی باڵای سەربازی تێدا بەشداربوون.