Accessibility links

ئاسایشی وزە و ململانێ چەکدارییەکان لە ناوەندی کۆبوونەوەی گرووپی 20 لە ئەتڵانتا

کۆبوونەوەی دوو ڕۆژەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی بیست (G20) لە شاری ئەتڵانتای ئەمەریکا، بە جەختکردنەوە لەسەر ئاسایشی وزە، بەهێزکردنی زنجیرەکانی خستنەڕوو و کاریگەریی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان لەسەر ئابووریی جیهان، کۆتایی هات.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ، کە سەرۆکایەتیی دانیشتنەکانی دەکرد، ئێوارەی شەممە سەبارەت بە پوختەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان ڕایگەیاند واشنتن جەخت دەکاتەوە لەوەی دابینکردنی وزەی هەرزان و بەردەست بۆ هەمووان بنەمایەکی سەرەکیی گەشەی ئابووری و خۆشگوزەرانیی وڵاتانە.

کۆبوونەوەکە لە ساڵی 250ـیەمین ساڵیادی سەربەخۆیی ئەمەریکادا بەڕێوەچوو. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەکاندا ڕایگەیاند حکومەتی دۆناڵد ترامپ دەیەوێت گرووپی بیست بگەڕێنێتەوە سەر بنەما و ئەرکە سەرەکییەکەی کە لەسەری دامەزراوە، ئەویش بریتییە لە چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییە جیهانییەکان و باشترکردنی ئاستی ژیانی هاووڵاتیان.


وزەی هەرزان و بەردەست وەک بنەمای گەشەی ئابووری

لە پوختەی کۆبوونەوەکەدا هاتووە کە هەموو وڵاتان بەرامبەر بە گۆڕانکاریی نرخی وزە هەستیارن، چونکە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، گازی سروشتی و کارەبا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان هەیە.

بەگوێرەی پوختەکە، هیچ وڵاتێک ناتوانێت بەبێ دابینکردنی وزە بگاتە خۆشگوزەرانی، بەڵام تەنها دەستگەیشتن بە وزە بەس نییە؛ بەڵکو پێویستە وزە بە بڕێکی زۆر بەردەست بێت و نرخەکەشی بۆ هەمووان گونجاو بێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا نیگەرانی دەربڕی بەرامبەر ئەو بەربەستانەی هاتوونەتە سەر ڕێی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی وزە، بەتایبەت بە هۆی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا و چەندین قەیرانی تری جیهانی.

ڕوبیۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا وتی ئێران و حوسییەکانی یەمەن بە ئاشکرا هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان وەک چەکێک بەکاردەهێنن لە ململانێ سیاسی و سەربازییەکاندا، ئەمەش "پێشهاتێکی نوێیە بۆ جیهان."

سەبارەت بە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا، وزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی کردەوە لەوەی یەکلاییکردنەوەی پرسەکە بە شەڕ گەیشتووەتە بنەبەست، "بۆیە لایەنەکان دەبێت مێزی دانوستاندن هەڵبژێرن و ئەمەریکا ئامادەیە بۆ نێوەندگیری."

کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە بۆنەی کۆتاییهێنان بە کۆبوونەوەی گرووپی بیست لە ئەتڵانتا.
کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە بۆنەی کۆتاییهێنان بە کۆبوونەوەی گرووپی بیست لە ئەتڵانتا.

سەرەڕای ململانێ نێودەوڵەتییەکان، لە کۆبوونەوەکاندا هەروەها جەخت کراوەتەوە لەوەی زیادبوونی دانیشتووان، پیشەسازی، بەکارهێنانی کارەبا، پێویستییەکانی ساردکردنەوە و گەشەی خێرای تەکنەلۆژیای زانیاری و ژیری دەستکردن، هەموویان داواکاریی جیهانی بۆ وزە بەرز دەکەنەوە.

لەو چوارچێوەیەدا، پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیای وزەی ئەتۆمیی مەدەنی وەک یەکێک لە ڕێگاکانی دابینکردنی کارەبای زیاتر باس کران، هەرچەندە دان بەوەدا نراوە کە بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمی هەڵبژرادەیەکی خوازراو نییە بۆ هەموو وڵاتان.

لە کۆبوونەوەکاندا جەخت کرایەوە لەوەی هەر وڵاتێک مافی ئەوەی هەیە بەگوێرەی پێداویستییەکانی خۆی سەرچاوەکانی وزە هەڵبژێرێت.


بەهێزکردنی زنجیرەکانی خستنەڕوو و دابینکردن

تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە پاراستنی زنجیرەکانی خستنەڕوو و دابینکردنی کاڵا و ماددە خاوە گرنگەکان.

لە دانیشتنەکاندا جەخت کراوەتەوە کە پەینی کشتوکاڵی بۆ ئاسایشی خۆراک، کەرەستە خاوەکان و کاڵا سەرەتاییەکان بۆ پیشەسازی، و کانزا گرنگەکان بۆ تەکنەلۆژیا نوێیەکان و ئاسایشی وزە پێویستن.

ئەمەریکا لە کۆبوونەوەکاندا داوای کرد وڵاتانی گرووپی بیست کار بکەن بۆ زیادکردنی شەفافیەت، ئاڵوگۆڕی زانیاری و ڕاکێشانی وەبەرهێنان، بە تایبەتی لە بواری پاڵاوتن، ئامادەکردن و دووبارە بەکارهێنانەوەی کانزا زۆر گرنگەکان.

هەروەها جەخت لە هاوکاریی نێوان حکومەتەکان و کەرتی تایبەت کراوەتەوە، بەو پێیەی وڵاتانی گرووپی بیست دانیان ناوە بەوەی حکومەتەکان بە تەنها ناتوانن ئەو کێشانە چارەسەر بکەن.

لە چەپەوە بۆ ڕاست، وەزیری دەرەوەی ژاپۆن تۆشیمیتسو مۆتێگی، وەزیری دەرەوەی هندستان جەیشانکار، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ، و وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا پێنی وۆنگ.
لە چەپەوە بۆ ڕاست، وەزیری دەرەوەی ژاپۆن تۆشیمیتسو مۆتێگی، وەزیری دەرەوەی هندستان جەیشانکار، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ، و وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا پێنی وۆنگ.

گرژییەکانی گەرووی هورموز و بابولمەندەب

بەشێکی گرنگی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە کاریگەریی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان لەسەر گواستنەوەی وزە و بازرگانیی نێودەوڵەتی.

وەزیرانی دەرەوە باسی دۆخی گەرووی هورموز و بابولمەندەبیان کرد، کە دوو ڕێڕەوی گرنگی دەریایین بۆ گواستنەوەی نەوت، گاز و کاڵاکان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە پوختەی کۆتایی کۆبوونەوەکاندا ڕایگەیاند، جیهان لە ساڵی 2026ـدا ڕووبەڕووی تێکچوونی گەورە لە دابینکردنی وزە بووەتەوە، بۆیە پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی، تێپەڕبوونی سەلامەت لە ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکان و ئاسایشی ژێرخانە گرنگەکان، بۆ سەقامگیریی ئابووریی جیهان پێویستن.

هەروەها هۆشداری درا لە بەکارهێنانی بازرگانیی خۆراک و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان وەک ئامرازێک بۆ فشارخستنە سەر وڵاتانی دیکە، و داوا کرا ئەم جۆرە فشارانە ڕەت بکرێنەوە.


هاوکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیبۆلا

وەزیرانی دەرەوە هەروەها گرنگیی هاوکاریی نێودەوڵەتییان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی ئیبۆلا خستەڕوو.

لە پوختەی کۆبوونەوەکاندا ئاماژە بە دوو ملیار دۆلار کرا کە لە ڕێوڕەسمێکی مانگی نۆ لە نیویۆرک کۆکرایەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو نەخۆشییە، و ستایشی کارمەندانی تەندروستی و تیمەکانی ڕزگارکردن کرا.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکایەتیی ئەمەریکا سوپاسی شاری ئەتڵانتا و ویلایەتی جۆرجیای کرد بۆ میواندارییەکەیان و جەختی لە ئامادەکاری بۆ لوتکەی سەرکردەکانی G20 لە میامی کردەوە، کە تێیدا سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ میوانداری سەرکردەی وڵاتانی گرووپی بیست دەکات.

بڕیارە دوای کۆتاییهاتنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە گرووپی بیست، بەریتانیا لە ساڵی 2027ـدا سەرۆکایەتیی ئەو ڕێکخراوە وەربگرێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG