Accessibility links

ڕوبیۆ: ئێران هەڕەشەی تێکدانی ژێرخانی وزەی هەموو ناوچەکە دەکات

مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە، لە کۆبوونەوەی گرووپی بیستدا سەبارەت بە ئێران قسەی کرد و گوتی ''ئێران دەڵێت یان ئەوەی من دەمەوێت یان ژێرخانی وزەی هەموو ناوچەکە تێک دەدەم.''

هەروەها گوتی بیر لەوە بکەنەوە کە ''وڵاتێک بەئاشکرا دەڵێت ئێمە کەشتییە بازرگانییەکان دەتەقێنینەوە. ئەمە ئەگەر بیری لێ بکەنەوە زیاتر بە سەردەمی سەد ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دەچێت.''

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ هێشتا بڕیاری هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران نەداوە، بەڵام ئەگەر خواستێکی لەم جۆرە دەرببڕێت سوپای ئەمەریکا لە توانایدایە ئەرکەکە جێبەجێ بکات. سەرباری هەموو ئەوانەش سەرۆک ترامپ هێشتا خوازیاری ڕێگەی دیبلۆماسییە.

ئەم گوتانەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کاتێکدایە کە تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران لە زاری ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕایگەیاند کە موجتەبا خامنەیی فەرمانی بە هێزە ئێرانییەکان کردووە کە لە ئەگەری هەر هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ئەو وڵاتە بە توندترین شێوە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بدەن بێ ڕەچاوکردنی هیچ سنوورێکی جوگرافی.

ئەمە لە کاتێکدایە کە چەند جارێک سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ باسی یەکلاکردنەوەی دۆسیەی ئێرانی کردووە و ڕۆژی شەممە وەزیری دەرەوەی میسڕیش بدر عبدالعاطي هۆشداری دا کە ئەگەر دووبارە جەنگ دەست پێ بکاتەوە ''جەنگێکی وێرانکەرتر دەبێت بە بەراورد بە جارەکانی پێشوو.''

This item is part of
XS
SM
MD
LG