Accessibility links

ڕوبیۆ: دابینکردنی وزەی هەرزان و بێ ئاستەنگ بۆ پێشخستنی ژیریی باڵا پێویستە

ئەتڵەنتا، جۆرجیا – مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، جەختی کردەوە لەوەی دابینکردنی وزەی هەرزان و سەقامگیر لە بنەما سەرەکییەکانی پێشخستنی تەکنەلۆژیای داهاتوون، بە تایبەتی گەشەپێدانی "ژیریی باڵا."

بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک دۆناڵد ترامپ بڕیاری داوە لە بری دەستەواژەی "ژیریی دەستکرد" دەستەواژەی "ژیریی باڵا" بۆ ئەم تەکنەلۆژیایە بەکاربهێنێت.

ڕوبیۆ لە کاتی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی بیست لە شاری ئەتڵەنتا پێداگری کرد لەسەر پێویستی کەمکردنەوەی نرخی وزە و سەقامگیرکردنی ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی وزە، وەک پێویستییەکی سەرەکی بۆ پێشخستنی ژیری دەستکرد.

کۆبوونەوەکە ڕۆژی هەینی، 30ـی دەی 2026، دەستی پێکرد و ڕۆژی شەممەش بەردەوام دەبێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئێوارەی هەینی لە ڕێوڕەسمی پێشوازیی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی بیست (G20) لە ئەکواریۆمیجۆرجیا لە شاری ئەتڵەنتا ، وتی سیاسەتی ئابووریی حکومەتی دۆناڵد ترامپ پشت بە بەهێزکردنی توانای بەرهەمهێنانی وزە، پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا و ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ داهێنان دەبەستێت.

ڕوبیۆ ڕایگەیاند، "لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونییەوە، سەرۆک ترامپ ئەم دیدگایەی کردووەتە کاری لەپێشینە. لە بەرژەوەندیی ئابووری و ئاسایشی نیشتمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکاندایە کە لە بواری وزەدا دەستباڵا بین، زنجیرەکانی دابینکردنمان بەهێز بن، ئەو بەربەستە ڕێکخستنکارییانە لاببەین کە ڕێگری لە گەشە دەکەن، و لە پێشخستنی ژیری باڵا و تەکنەلۆژیا نوێ و گرنگەکانی دیکەدا پێشەنگ بین."

وزە و پێشبڕکێی تەکنەلۆژیای داهاتوو

ئەم لێدوانانەی ڕوبیۆ لە کاتێکدا دێن کە پێشکەوتنە خێراکانی ژیریی باڵا، بە تایبەتی هەوڵەکان بۆ گەشەپێدانی سیستەمەکانی ژیریی باڵا، پێویستی بە توانایەکی زۆری کارەبا و ژێرخانی پێشکەوتووی داتاسەنتەرەکان هەیە.

ژیریی باڵا ئاماژەیە بۆ جۆرێکی پێشکەوتووی ژیریی دەستکرد کە لە تیۆریدا دەتوانێت لە زۆر بواردا توانای ژیریی مرۆڤ تێپەڕێنێت. ئەم ئاستەی تەکنەلۆژیا هێشتا بە شێوەیەکی پشتڕاستکراو بەدەست نەهاتووە، بەڵام بووەتە یەکێک لە ئامانجەکانی توێژینەوە و پێشبڕکێی وڵاتە زلهێزەکان و کۆمپانیا تەکنەلۆژییە گەورەکان.

لەو چوارچێوەیەدا، دابینکردنی وزەی هەرزان و پشتپێبەستراو دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگی لە کەمکردنەوەی تێچووی کارپێکردنی داتاسەنتەرەکان و فراوانکردنی توانای ڕاهێنان و بەکارهێنانی مۆدێلە پێشکەوتووەکانی ژیریی دەستکرددا هەبێت.

ڕوبیۆ لە وتەکەیدا پەیوەندیی نێوان ئاسایشی وزە و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای بە بەشێک لە بەرژەوەندیی هاوبەشی وڵاتانی گرووپی بیست زانی.

ئەو گوتی ئەگەرچی ئەم ئامانجانە لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەمەریکادان، بەڵام پێیوایە هەبوونی وزە، تەکنەلۆژیا، پێشکەوتن و داهێنان لە بەرژەوەندیی هەموو ئەو وڵاتانەشدایە کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشدارن.

لە میانی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گرووپی بیست، مارکۆ روبیۆ میوانداری ئامادەبووانی کرد بۆ ئێوارەخوانێک و گەشتێک بەناو ئەکواریۆمی جۆرجیا لە شاری ئەتڵانتا.
لە میانی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گرووپی بیست، مارکۆ روبیۆ میوانداری ئامادەبووانی کرد بۆ ئێوارەخوانێک و گەشتێک بەناو ئەکواریۆمی جۆرجیا لە شاری ئەتڵانتا.

ئەتڵەنتا وەک نموونەیەکی گەشەی ئابووری

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا، شاری ئەتڵانتا و ویلایەتەکانی باشووری ئەمەریکای وەک نموونەیەک بۆ پەیوەندیی نێوان سیاسەتی ئابووری، داهێنان و گەشەی تەکنەلۆژیا خستەڕوو.

ڕوبیۆ ئاماژەی دا کە ئەتڵانتا کەمتر لە دوو سەدە لەمەوبەر تەنها خاڵێکی کۆتایی هێڵی شەمەندەفەر بوو، بەڵام دواتر بووە یەکێک لە ناوەندە گەورەکانی بازرگانی لە ئەمەریکا.

بە وتەی ئەو، گەشەی پیشەسازی، دروستبوونی کارگە و کۆمپانیای نوێ و فراوانبوونی دەرفەتەکانی کار لە باشووری ئەمەریکا ئەنجامی بڕیارە سیاسی و ئابوورییەکانن کە هانی وەبەرهێنان و داهێنانیان داوە.

ڕوبیۆ گوتی ئەو داهاتووە ئابوورییەی ئەمەریکا هەوڵی بۆ دەدات دەتوانرێت بۆ هاوپەیمانان و هاوبەشە ئابوورییەکانی ئەمەریکاش بەردەست بێت، بە مەرجێک پشت بە وزەی سەقامگیر و هەرزان و یاسا و ڕێسایەک ببەستێت کە هانی داهێنان و گەشەی پیشەسازییەکانی داهاتوو بدات.

ئیدارەی سەرۆک ترامپ لەو کۆبوونەوانە دەیەوێت بڕیاری هەمەلایەن بدرێت بۆ پاراستنی ئاسایشی ڕێڕەوە سەرەکییەکانی وەک گەرووی هورمز و دەریای سور و دەریای ڕەش و دەریای باشوری چین.

ئامادەکاری بۆ لوتکەی G20 لە میامی

ڕوبیۆ هەروەها گوتی ئامانجی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی بیست، دانانی بناغەیەکی بەهێزە بۆ سەرکەوتنی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ئەو گرووپە، کە بڕیارە سەرۆک ترامپ لە ناوەڕاستی مانگی دوازدە لە شاری میامی میوانداریی بکات.

وەزیری دەرەوە جەختی کردەوە کە ئەمەریکا دەیەوێت گرووپی بیست سەرنجی بخاتە سەر چارەسەرە کردارییەکان بۆ کێشە ئابوورییەکان، لەوانە بازرگانی، سیاسەتی دارایی و نەختینەیی، وزە و تەکنەلۆژیا نوێیەکان.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها پێشوازی لە بەشداریی پۆڵەندا وەک بەشداربووی "تەواو" لە کۆبوونەوەکانی ئەم جارەی گرووپی بیست کرد و گوتی گەشەی ئابووری و زیادبوونی پێگەی نێودەوڵەتیی ئەو وڵاتە دەتوانێت یارمەتیی چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییە هاوبەشەکان بدات.

ڕوبیۆ لە کۆتایی وتەکەیدا داوای هاوکاریی زیاتری لە وڵاتانی ئەندام کرد و جەختی کردەوە کە سەرەڕای جیاوازیی بەرژەوەندییەکان، پێویستە وڵاتان لەو بوارانەدا هاوکاری بکەن کە بەرژەوەندییەکانیان یەک دەگرنەوە.

ئەم لێدوانانە نیشان دەدەن کە حکومەتی ترەمپ ئاسایشی وزە تەنها وەک پرسێکی بازرگانی نابینێت، بەڵکو وەک بنەمایەکی گرنگ بۆ پێشبڕکێی تەکنەلۆژیا، گەشەی ئابووری و پێشەنگایەتی لە بواری زیرەکیی دەستکردی داهاتوودا سەیری دەکات.

This item is part of
XS
SM
MD
LG