Accessibility links

ئەمەریکا و کۆریای باشوور و ژاپۆن پێداگری لە نەهێشتنی چەکی ئەتۆمیی کۆریای باکوور دەکەن

مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و هاوتاکانی لە کۆریای باشوور و ژاپۆن، "پابەندبوونی بەهێزی خۆیان بە داماڵینی تەواوی چەکی ئەتۆمی" لە کۆریای باکوور دووپات کردەوە.

کۆبوونەوەی نێوان سێ وڵاتەکە ڕۆژی هەینی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی بیست لە ئەتلەنتا بەڕێوە چوو. بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئەو سێ وەزیرە بەڵێنیان داوە ''بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تەواوی جێبەجێ بکەن''.

ئەم بڕیارانە بریتین لە قەدەغەکردنی پشتیوانی دارایی بۆ بەرنامە ئەتۆمی و موشەکە بالیستییەکانی کۆریای باکوور. ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆریای باکوور ڕەتی دەکاتەوە چەکەکانی هەڵبوەشێنێتەوە و هەردوو وڵاتی ڕووسیا و چینیش پشتگیری لە کۆریای باکوور دەکەن.

کۆریای باکوور پێگەی خۆی وەک دەوڵەتێکی چەکداری ئەتۆمی لە یاساکانیدا چەسپاندووە و چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە جبەخانە ئەتۆمییەکەی هەمیشەییە و قابیلی دانوستاندن نییە.

بە گوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکان ڕەنگە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا و کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور لە مانگی داهاتوودا لە میانەی کۆبوونەوەی لوتکەی هاوکاری ئابووری ئاسیا و زەریای هێمندا کۆ ببنەوە. سەرۆک ترامپ زۆرجار پێشنیازی گفتوگۆکردنی لەگەڵ کۆریای باکوور سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی و چەندین پرسی دیکە کردووە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG