ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی کۆشکی سپییەوە ڕایگەیاند، دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ باڵاترین فەرماندەی دەریاوانیی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبووەتەوە. ڕۆژی هەینی فۆکس نیوز هەمان هەواڵی باس کرد بەڵام کۆشکی سپی هەتا ئێستا کۆبوونەوەکە و ئامانجەکانی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
واڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت لە کۆبوونەوەکەدا هەر یەک لە وەزیری جەنگ پیت هێگسێت و جەنەڕاڵ دان کەین فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوپای ئەمەریکاش بەشدار بوون و گفتوگۆ لەسەر بژاردەکانی ئەمەریکا لەگەڵ ئێران کراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی هەینی ئەدمیراڵ براد کوپەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پوختەی سەردانەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوکردەوە و دەڵێت ''سەرەتای ئەم هەفتەیە سەردانی پەنجا هەزار کارمەندی خۆمانم کرد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە گەرووی هورمز. کاتێک بە فڕۆکە لە ئاسمانی گەرووەکەدا بووم، کەشتییەکانم بینی کە هاتوچۆیان دەکرد و هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانی ئەمەریکام دەبینی کە خەریکی چاودێری بوون. بەڵام سوپای پاسدارانم لەوێ نەبینی لە کاتێکدا بۆ دەیان ساڵ لەو ناوچەیە بوون و خەڵکیان بێزار دەکرد.''
لە لایەنی ئێرانیشەوە، ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە هێشتا ئەوان گەرووی هورمز کۆنتڕۆڵ دەکەن بەڵام ئەمەریکا بڕیاری پێشوەختەی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران داوە و هەڕەشەی ئەتۆمی ئێران وەک بیانوویەک بۆ هەڵگیرسانی شەڕ لە دژی ئێران بەکار دەهێندرێت.
بۆ شیکردنەوەی زیاتر لە ئەگەری هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، دەنگی ئەمەریکا چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ توێژەری سیاسی ئەلیزابێث دێنت لە پەیمانگەی واشنتن بۆ ڕۆژهەڵاتی نزیک ئەنجام دا. ئەلیزابێث دێنت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە پەیوەندییەک لە نێوان جەنگی ئێران و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئەمەریکا هەیە و گوتی ''پێم وایە ترامپ چاوەڕێی کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکان دەکات بۆ ئەوەی ئەم شەڕە کاریگەری لەسەر دەنگەکان نەبێت.''
سەبارەت بە خواستی ئێران ئەلیزابێث دێنت پێی وایە کە ''دابەشبوونێک لە هەڵوێستی ئێراندا هەیە و ئەوەی هەندێک لە سیاسییەکانی ئێران دەیانەوێت، پاسداران نایەوێت و ڕەتی دەکاتەوە.'' هەروەها بە دووریشی زانی کە لە ئێستادا خەڵکی ئێران بتوانن گۆڕانکاری لە سیستەمەکەیاندا بکەن. بەو پێیەی بە هۆی ئەم جەنگەوە سوپای پاسداران هێزی سەربازی لە دەستی خۆیدا کۆکردووەتەوە.
شایەنی باسە ئیبراهیم سوڵتان ئەلهاشمی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لە وەزارەتی دەرەوەی قەتەر سەرەتای ئەم هەفتەیە بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند کە ''لە ئێستادا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێراندایە بۆ ئەوەی نیازپاکیی خۆیان نیشان بدەن و پابەند بن بە پرەنسیپەکانەوە. لێدوانی باشیان هەیە بەڵام دەبێت پێوەی پابەند بن و واز لە هەڕەشە بێنن و گەرووی هورمز بکەنەوە لە پێناو هەنگاونان بۆ ئارامی و ئاوەدانی.'' بەڵام بەزوویی محەمەد باقر قالیباف لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسەوە ڕایگەیاند و گوتی کە ئێرانییەکان لەسەر هەڵوێستەکانی خۆیان سوورن.
بۆیە ئاماژەکان هیچ پێشکەوتنێک لە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەر ناخەن و لە ئێستادا شەقامی ئەمەریکا سەرقاڵی هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێسی ئەمەریکایە، کە لە ڕۆژی 3ی مانگی یازدە بەڕێوە دەچن.