وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی گرووپی بیست(G20) لەوان سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەو گرووپە گەیشتوونەتە ئەمەریکا.کۆبوونەوەکە ڕۆژانی هەینی و شەممە (30 و 31ی نۆڤەمبەر) لە شاری ئەتڵەنتا بە مێوانداری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، مارکۆ روبیۆ بەڕێوەدەچێت.
پێشبینی دەکرێت شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، ململانێی سەربازیی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و قەیرانی وزەی جیهانی لە گرنگترین بابەتەکانی دیدارەکەدا بێت.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بەر لە سەفەرەکەی بۆ ئەمەریکا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا کاریگەرییەکانی "ناسەقامگیری جیۆپۆلەتیکی جیهانی" لەسەر ئابووری جیهان تاوتوێ دەکات. ڕووسیا لە دوای لەشکرکێشی سەربازی بۆ سەر ئۆکرانیا لە زۆرێک لە کۆبوونەوەکانی جی 20 دوورخرایەوە.
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا هەروەها ڕایگەیاندووە کە هەوڵ دەدات ئەندامانی گرووپی بیست ڕازی بکات کە لە کۆبوونەوەی ئەتڵەنتادا زیاتر پشتیوانی ئۆکرانیا بکەن.
وەزیری دەرەوەی ئەفریقای باشوور لە لایەن ئەمەریکاوە بانگهێشتی کۆبوونەوەی جی 20 نەکراوە.
کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە ئامادەکارییەکە بۆ کۆبوونەوەی سەرۆکەکانی جی 20 لە شاری میامی پایتەختی فلۆریدا کە بڕیارە بە میوانداری دۆناڵد ترامپ و لە مانگی دوازدەی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت.
ئەمەریکا، ڕووسیا، چین، ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا، تورکیا و سعودیە وڵاتانی ئەندامی گرووپی 20ن.
کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی 20 بە میوانداری ڕوبیۆ و بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دەستپێدەکات