Accessibility links

کۆشکی سپی بۆ دەنگی ئەمەریکا: بەمزووانە کارەکەمان لە ئێران تەواو دەکەین

کۆشکی سپی لە وەڵامی چەند پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە ئێران ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە وتی ''ئەگەر ئێران بەخێرایی تێڕوانینەکانیان نەگۆڕن، بەمزووانە کارەکە تەواو دەکەین.''

وەڵامەکەی کۆشکی سپی دوای ئەوە هات کە لەلایەن دەنگی ئەمەریکاوە پرسیاری ئاڕاستە کرا سەبارەت بەوەی کە ئایا پاکستان و قەتەر دەست بە کاری نێوەندگیری دەکەنەوە؟ ئەگەر بەم جۆرەیە ئایا دەتوانن شێوازی ئەم گفتوگۆیانە ڕوون بکەنەوە؟ ئایا حکوومەتی ئەمەریکا پێی وایە کە ئەمە سەر دەکێشێت بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ؟

کۆشکی سپی لەو بارەیەوە دەڵێت ''ئەمەریکا لە پێگەیەکی زۆر بەهێزدایە و کۆنترۆڵی گەرووی هورمزی کردووە و ئابووری ئێران وا دا دەڕوخێت. ئێران وێران بووە و ململانێی ئێران زۆر بە زوویی کۆتایی دێت. سەرۆک ترامپ هەموو کارتەکانی بەدەستەوەیە و هەرچی باشترین بێت بۆ ئەمەریکا هەر ئەوە دەکات.''

لەسەر شێوازی کاریگەریی سزاکان لەسەر ئێران، کۆشکی سپی دەڵێت '' ئێران وڵاتێکی شکستخواردووە و ئابوورییەکەی بە تەواوی هەرەسی هێناوە. هێزی سەربازییەکەشی لە ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەییدا هەڵوەشا و ناتوانن پارەی سەربازەکانیان بدەن.''

کۆشکی سپی لەسەر بارودۆخی گەرووی هورمز دەڵێت ''گەرووی هورمز کراوەیە و ڕۆژانە دەیان ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووەکەدا تێپەڕ دەبن.''

ئەمە لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتدارانی ئێران ئەو قسانە ڕەت دەکەنەوە و پێشتر گوتبوویان کە ئەوان کۆنتڕۆڵی گەرووی هورمزیان کردووە و ئامادەن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک کە بکرێتە سەریان. بەڵام لە هەمانکاتدا لەسەر زاری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە عەباس عێراقچی ئامادەیی خۆیان بۆ گەییشتن بە ڕێککەوتن دوپات کردووەتەوە.

ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ چەند ڕۆژێک لەمەو بەر پشتڕاستی کردەوە و نووسیویەتی سەرباری هەوڵەکانی ئێران ''ئێستا ڕۆژانە نەوتی زیاتر لە کەنداوی پارسییەوە دەگاتە بازاڕەکانی جیهان بە بەراورد بە پێش دەستپێکردنی جەنگەکە.'' و وڵاتی قەتەڕ ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا سەرقاڵی هەوڵێکی ناوبژیوانکارین لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا و چاوەڕێی وەڵامی ئێران دەکەن.

This item is part of
XS
SM
MD
LG