Accessibility links

ئەمەریکا دوای داخستنی دەروازەی شیب: پشتیوانی عێراق لە گەڕاندنەوەی سەروەریی بۆ سنوورەکانی دەکەین

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە وەڵامی داواکارییەکی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا بۆ لێدوان لەبارەی بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ داخستنی دەروازەی سنووریی شیب لەگەڵ ئێران، ڕایگەیاند واشنتن پشتیوانی لە هەوڵەکانی بەغدا دەکات بۆ گەڕاندنەوەی سەروەریی عێراق، لەوانەش کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە وەڵامەکەیدا جەختی کردەوە کە واشنتن پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکومەتی عەلی زەیدی دەکات.

وەزارەتەکە گوتی، "ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتیوانی لە دیدگای سەرۆکوەزیران زەیدی دەکات بۆ عێراقێکی سەقامگیر و خۆشگوزەران، کە خزمەت بە گەلەکەی بکات، هاوکاریی ناوچەیی بەهێز بکات و سەروەریی خۆی بگەڕێنێتەوە، لەوانەش سەروەری بەسەر سنوورەکانی خۆیدا."

ئەم لێدوانە لە کاتێکدا دێت کە حکومەتی عێراق بڕیاری داخستنی دەروازەی سنووریی شیبی داوە، کە یەکێکە لە خاڵەکانی پەیوەندیی سنووری و بازرگانی لەنێوان عێراق و ئێران.

بڕیارەکە بووە هۆی دروستکردنی مشتومڕ لە ناوخۆی عێراقدا، بە تایبەت دوای ئەوەی لایەنەکانی نزیک لە ئێران حکومەتی عەلی زەیدییان تۆمەتبار کرد بەوەی گوایە ئەو بڕیارەی لەژێر کاریگەری ئەمەریکاوە داوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕەخنەیەکی توندی لە ڕۆڵی ئێران لە عێراق گرتووە و تارانی بە هەڕەشەیەک بۆ سەروەریی عێراق وەسف کردووە.

لە وەڵامەکەیدا هاتووە، "ئێران لایەنێکی متمانەپێکراو نییە و مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە لە بەکارهێنانی میلیشیا عێراقییەکان بۆ دزینی سەرچاوەکانی گەلی عێراق و هەڕەشەکردن لە سەروەریی ئەو وڵاتە."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە وەڵامەکەیدا بە ڕاشکاوی نەیگوتووە کە ئایا بڕیاری داخستنی دەروازەی شیب بە داواکاری یان فشاری واشنتن دراوە، بەڵام جەختکردنەوەی لەسەر گەڕاندنەوەی سەروەریی عێراق بەسەر سنوورەکانیدا.

بەرپرسانی حکومەتی عێراق دەڵێن داخستنی مەرزی شیب لەبەر هۆکاری تەکنیکی بووە و ناڕەزایەتیش دەردەبڕن بەوەی لە سنورەکانی ئێران چالاکیی نایاسایی وەک قاچاخچێتی مادە هۆشبەرەکان و پارە سیپکردنەوە هەیە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG