Accessibility links

بەغدا لەدوای بەیاننامەکەی هەولێر جەخت لەسەر کۆنترۆڵکردنی چیای شنگال دەکاتەوە

ئەم وێنەیە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی هەشتی ساڵی 2014، تێیدا ئەندامانی یەپەگە خاڵێکی پشکنینان لەسەر چیای شنگال داناوە، لەو کاتەی هەزاران هاووڵاتی ئێزدی بە هۆی هێرشی داعشەوە دەربەدەر بوون و پەنایان بۆ چیاکە برد.
ئەم وێنەیە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی هەشتی ساڵی 2014، تێیدا ئەندامانی یەپەگە خاڵێکی پشکنینان لەسەر چیای شنگال داناوە، لەو کاتەی هەزاران هاووڵاتی ئێزدی بە هۆی هێرشی داعشەوە دەربەدەر بوون و پەنایان بۆ چیاکە برد.

حکومەتی عێراق ڕۆژی چوارشەممە، 28ـی دەی 2026، ڕایگەیاند کە گرتنەدەستی پێگەکانی هێزەکانی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) لە چیای شنگال و تێکەڵکردنی ئەندامانی ئەو هێزانە لەگەڵ دامەزراوە سەربازییە فەرمییەکانی عێراق، بڕیار و هەنگاوی ئاسایشی تایبەت بە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵە.

ئەم هەڵوێستە دوای ئەوە دێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دوێنێ ئێوارە ڕەخنەی لە بەغدا گرت بەوەی بەبێ ڕاوێژکردن لەگەڵ هەولێر بڕیار لەسەر دۆخی ئەمنی و کارگێڕیی شنگال دەدات و ڕێککەوتننامەی شنگالی ساڵی 2020 پێشێل دەکات.

سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی، هەنگاوە ئاسایشییەکانی شنگال "بە تەواوی" لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵدا ئەنجام دراون و بریتی بوون لە ڕێکخستن و تێکەڵکردنی ئەندامانی یەبەشە لەگەڵ هێزە چەکدارە فەرمییەکانی عێراق و ڕادەستکردنی پێگەکانیان لە چیای شنگال بە یەکەکانی سوپای عێراق.

نوعمان جەختی کردەوە کە ئەم بابەتە "تەنها لە چوارچێوەی دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵ و فەرماندەییە ئەمنییە فیدراڵییەکاندایە."

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندنەکەیدا، حکومەتی عێراق جەختی کردووەتەوە کە گرتنەدەستی تەواوی چیای شنگال لەلایەن سوپا و هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە، "بنەمایەکی سەرەکییە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت، جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی سەروەریی وڵات."

بەغدا هەروەها ڕایگەیاندووە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتە ناوخۆییەکانی شنگال، کار لەسەر ئاوەدانکردنەوە، قەرەبووکردنەوەی خێزانەکانی قوربانییان و خێراکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکات.

بەپێی ڕاگەیاندنەکە، هەوڵەکان هەروەها ئامانجیان ئەوەیە ڕێگە بۆ "هەڵبژاردنی ئیدارەیەکی ناوخۆیی، بەپێی یاسا و بە پشتیوانیی دانیشتووانی شنگال، خۆش بکرێت."

حکومەتی فیدراڵ گوتوویەتی ئامادەیە گفتوگۆ لەسەر کێشە و بابەتە ماوەکان بکات، بە تایبەتی میکانیزمەکانی کۆکردنەوەی چەک لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەت و تێکەڵکردنی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان.

ئەم وێنەیە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی دوازدەی ساڵی 2014، تێیدا ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگە لەسەر چیای شنگال جێگیر کراون، دوای شکاندنی داعش و پێشڕەویکردن لە بەشی باکوری چیاکە.
ئەم وێنەیە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی دوازدەی ساڵی 2014، تێیدا ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگە لەسەر چیای شنگال جێگیر کراون، دوای شکاندنی داعش و پێشڕەویکردن لە بەشی باکوری چیاکە.

ناکۆکی لەسەر ڕێککەوتننامەی شنگال

لە بەرامبەردا، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندنێکدا نیگەرانیی خۆی لەو لێکتێگەیشتنانە دەربڕیوە کە بەغدا بە شێوەیەکی "تاکلایەنە" و بەبێ ڕاوێژکردن لەگەڵ هەولێر سەبارەت بە شنگال ئەنجامیان دەدات.

وەزارەتەکە ئەو هەنگاوانەی بە پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی شنگال داناوە و ئاگاداری داوە لەوەی "سەپاندنی دۆخێکی ئەمنی و کارگێڕیی نەخوازراو لە دەرەوەی دامەزراوە یاساییەکان، دەتوانێت دۆخی شنگال ئاڵۆزتر بکات و هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی ناوچەکە بخاتە مەترسییەوە."

مەسعود بارزانی ڕۆژی 21ـی دوازدەی 2014 لەسەر چیای شنگال لێدوانی بۆ ڕۆژنامەوانان دا، دوای تێکشکانی گرەەپەکە لە باکوری چیاکەدا.
مەسعود بارزانی ڕۆژی 21ـی دوازدەی 2014 لەسەر چیای شنگال لێدوانی بۆ ڕۆژنامەوانان دا، دوای تێکشکانی گرەەپەکە لە باکوری چیاکەدا.

هەروەها داوای لە بەغدا کردووە پابەندی ڕێککەوتننامەکە بێت و "ئەگەر جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە ئەستەم بێت، بڕیار لەسەر داهاتووی شنگال بە ڕا و ئیرادەی دانیشتووانی ناوچەکە، بە تایبەتی ئێزدییەکان، بدرێت."

This item is part of
XS
SM
MD
LG