Accessibility links

ترامپ: ئێران گفتوگۆکان بۆ دوای هەڵبژاردنی ئەمەریکا درێژ دەکاتەوە بەڵام ئەمە یارمەتییان نادات

سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترامپ، ڕایگەیاند ئێران دەیەوێت لەگەڵ واشنتن بگاتە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەڵام پێی وایە تاران بە ئەنقەست گفتوگۆکان درێژ دەکاتەوە و لەوانەیە چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنی نیوەی ماوەی سەرۆکایەتی لە ئەمەریکا بێت.

سەرۆک ترامپ شەوی سێشەممە گوتی، "پێم وایە لە بەرامبەر ئێراندا لە پێگەیەکی زۆر باشداین. پرسیارەکە تەنها ئەوەیە کەی دەمەوێت کۆتایی پێ بهێنم؟ ئەوان دەیانەوێت ڕێککەوتن بکەن، بەڵام هەرچەندە دەیانەوێت ڕێککەوتن بکەن، ئارەزوو دەکەن بابەتەکە درێژ بکەنەوە."

سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی، "لەوانەیە چاوەڕێی هەڵبژاردنەکە بن یان شتێکی لەو جۆرە، بەڵام ئەوە هیچ سوودێکیان پێ ناگەیەنێت. هەڵبژاردنەکە یارمەتییان نادات."

هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ڕۆژی 3ـی 11 بەڕیوە دەچێت.

ترامپ هەروەها ئاماژەی دا بەوەی هێزە سەربازییەکان و ئابووریی ئێران بە شێوەیەکی کاریگەر لاواز کراون و گوتی، تاران ڕووبەڕووی کەمیی پارە و هەڵاوسانەوە بووەتەوە، بە جۆرێک کە ڕێژەی هەڵاوسان لە ئێران چەند ڕۆژێک لەمەوبەر گەیشتووەتە 301 لە سەد.

لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی نوێ بۆ سەر ئێران دوای هەڵبژاردنی سێشەممەی داهاتوو، سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند، "ناتوانم ئەوەتان پێ بڵێم، بەڵام ئەگەری هەموو شتێک هەیە."


پێشنیارێکی نوێی قەتەر بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ

لێدوانەکانی ترامپ لە کاتێکدا دێن کە ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕۆژی چوارشەممە ڕاپۆرتی دا کە قەتەر پێشنیارێکی نوێی پێشکەشی ئێران کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان.

بەرپرسێک کە ئاگاداری وردەکاریی گفتوگۆکانە، بە ڕۆیتەرزی گوتووە پێشنیارەکە ڕۆژی یەکشەممە پێشکەش کراوە و ئێستا تاران لێی دەکۆڵێتەوە، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ئەم هەفتەیە وەڵامی بداتەوە.

بەپێی ئەو بەرپرسە، پێشنیارەکە بەرنامەیەکی حەوت ڕۆژە لەخۆ دەگرێت بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی هەردوو لایەن، کە تێیدا هەنگاوی ڕۆژانە بۆ دروستکردنی متمانەی نێوان هەردوو لا دەستنیشان کراوە.

بە گوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەگەر ڕێککەوتن بکرێت، بڕیارە بەرنامەکە لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە دەست پێ بکات و چەند وڵاتێکیش، بەتایبەت قەتەر و پاکستان، ڕۆڵی گەرەنتیکەر دەگێڕن.

بەڵام بەرپرسێکی باڵای ئێرانی کە بەشداریی گفتوگۆکانە، بە ڕۆیتەرزی گوتووە قەتەر تەنها "بیرۆکەی نەگونجاوی" پێشکەش کردووە، نەک پێشنیارێکی فەرمی.

ئەو بەرپرسە جەختی کردووەتەوە کە هەڵوێستی تاران لەبارەی سازشنەکردن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی هەر وەک خۆی ماوەتەوە.

ئەم هەڵوێستە جیاوازانە نیشان دەدەن کە سەرەڕای هەوڵەکانی ناوبژیوانی، هێشتا ناکۆکییە سەرەکییەکان لەنێوان واشنتن و تاراندا بەردەوامن و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی مسۆگەر نییە.

ئەمەریکا سورە لەسەر ئەوەی بەدەستنەهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە تەنها بە بانگەشە نەبێت، بەڵکو دەبێت لە ڕێککەوتنەکاندا بە کردار توانای ئەو وڵاتە بۆ دروستکردنی ئەم چەکە نەمێنێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG