Accessibility links

سێ وڵاتی عەرەبی پشتگیری لە یۆنان دەکەن دژی ڕێککەوتنی دەریایی تورکیا و لیبیا

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، میسر، بەحرەین و ئیمارات لە ناکۆکییەکدا لەسەر ڕێککەوتنی سنووری دەریایی نێوان تورکیا و لیبیا، پاڵپشتی یۆنانیان کردووە و بە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و نەزمی یاسایی نێودەوڵەتی ناویان بردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، پەرلەمانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا هەفتەی ڕابردوو ڕێککەوتنێکی سنووری دەریایی لەگەڵ تورکیا پەسەند کرد کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2019 واژۆ کرا، ئەم هەنگاوە وەڵامی نەرێنی خێرای لەلایەن یۆنان و قوبرسەوە بەدوای خۆیدا هێنا و دەڵێن ڕێککەوتنەکە ناکۆکە لەگەڵ بەرژەوەندی دەریایی ئەوان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کە ڕۆژی دووشەممە لەلایەن وەزیری دەرەوەی یۆنان لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک خوێندرایەوە، یۆنان و سێ وڵاتی عەرەبی ڕایانگەیاند ڕێککەوتنی دەریایی تورکیا و لیبیا نیگەرانی جددی سەبارەت بە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەوروژێنێت.

واژۆکارانی بەیاننامەکە هەروەها هۆشدارییان داوە لەوەی کە ئەم جۆرە ڕێککەوتنانە دەتوانن پێشینەیەکی نەخوازراو دروست بکەن و ڕێگە بدەن بە ڕێکخستنی دوولایەنە، یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان تێکبدەن.

لەبەرامبەردا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕۆژی دووشەممە کاردانەوەکانی یەکێتی ئەورووپا و ئەوانی دیکەی بەرامبەر پەسەندکردنی ڕێککەوتنەکە بە بێ بنەما ناو برد و بەرگری لە سیاسەتی ئەنکەرە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کرد.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش لەسەر ئەو ڕێککەوتنە دەڵێت "ڕاگەیاندنی پەسەندکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی دیاریکردنی سنوورە دەریاییەکانی تورکیا و لیبیا بووەتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا و هەنگاوێکی یارمەتیدەر نییە و ورووژێنەرە."

ناکۆکی لەسەر سنوورە دەریاییەکان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، بەتایبەتی لەسەر سنووری دەسەڵاتی دەریایی و مافی وڵاتانی ناوچەکە، پرسێکی مشتومڕاوییە لە نێوان تورکیا، یۆنان و قوبرس.

پەرلەمانی لیبیا لە 20ی مانگی دە ڕێککەوتنێکی سنووری دەریایی نێوان تورکیا و لیبیا کە لە ساڵی 2019 واژۆ کرابوو، پەسەند کرد و کۆتایی بە ساڵانێک لە دژایەتی کردنی ئەو ڕێککەوتنە هێنا.

This item is part of
XS
SM
MD
LG