Accessibility links

داواکارانی گشتی بەریتانیا دوو کەس لە پەیوەند بە دۆسیەی بنکەی فێرفۆرد تۆمەتبار دەکەن

داواکارانی گشتی بەریتانیا ڕایانگەیاند دوو کەسیان بە پێی یاسای ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەیان تۆمەتبار کردووە لە پەیوەند بە ڕووداوەکەی مانگی ڕابردووی بنکەی هێزی ئاسمانی شاهانەی فێرفۆرد.

بەرپرسی پۆلیسی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بەریتانیا ڕۆژی سێشەممە،27ی مانگی دە ڕایگەیاند پۆلیس پێی وایە ئەو وڵاتەی کە یەکێک لە دوو کەسە هاوکاریان کردووە، ئێران بووە.

محەمەد عەبدولکەریم تەمەن 24 ساڵ، تۆمەتبارکراوە بە "هەڵسوکەوتێک کە ئەگەری هەیە هاوکارییەکی بەرچاوی دەزگایەکی هەواڵگری بیانی لەخۆ بگرێت." نەعمان سەغیر تەمەن 24 ساڵ بە تۆمەتی چوونە ژوورەوە بۆ شوێنێکی قەدەغەکراو بە مەبەستێکی زیانبەخش تۆمەتبار کراوە و بڕیارە پاشنیوەڕۆی سێشەممەش هەردووکیان لە دادگا ئامادەبن.

پێشتر بنکەی ئاسمانی فێرفۆرد بۆ هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران بەکارهێنرابوو، بەڵام بە هۆکاری ئەمنی، فڕۆکە بۆمب هاوێژەکان دوای ماوەیەکی کەم لە دەستگیرکردنی پێنج کەس لە نزیک ئەو بنکەیە لە باشووری ڕۆژئاوای بەریتانیا، گواسترانەوە بۆ نێو خاکی ئەمەریکا.

ئەندی بێرنهام سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند بە "ئەگەری زۆر" ئێران دەستی لەم کارەدا بووە و وتی دەتوانم دڵنیا بم لەوەی سوپای پاسداران فەرمانی بەم کارە کردووە. دوای ئەمەش بەریتانیا سزای بەسەر دوو هاووڵاتی ئێرانیدا سەپاند و باڵیۆزی کۆماری ئیسلامییشی بانگهێشتکرد.

عەلی موسەوی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی لە لەندەن ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە. باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر ئەو تۆمەتانەی بە گریمانەیەکی بێ بنەما و بەدخوازانە ناوبردبوو.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا 18ی مانگی دە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند بەرپرسانی بەریتانیا بە ڕوونی ئەوەیان خستووەتەڕوو کە ئێرانییەکان لە پشت هێرشی ئەم بنکە ئاسمانییە بوون و وتی ئێمە هیچ هۆکارێکمان نییە بۆ ناکۆکبوون لەگەڵ ئەو هەڵسەنگاندنە وردەی بەریتانیا و لە ڕاستیدا ئێمە بە تەواوی هاوڕاین و پشتگیری لە ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکانی بەریتانیا دەکەین.

This item is part of
XS
SM
MD
LG