مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە 29 تا 30ی ئەم مانگە میوانداری کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی جی 20(G20) دەکات لە شاری ئەتڵەنتا لە ویلایەتی جۆرجیا.
ئاسایشی وزە و خۆراک، قەیرانی جیۆپۆلەتیکی، ئازادی هاتوچووی کەشتییەکان و زنجیرەی دابینکردنی مادە گرنگەکان لە تەوەرەکانی ئەم کۆبوونەوەیە دەبن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا لە ماڵپەڕەکەیدا ڕۆژی دووشەممە 26ی ئەم مانگە بڵاویکردووەتەوە "لە ژێر سەرکردایەتی سەرۆک ترامپ، ئەمەریکا گروپی 20 دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەرکی سەرەکی ئابووری خۆی کە پێشخستنی گەشەکردن، بەهێزکردنی ئاسایشی ئابووری و بەدەستهێنانی ئەنجامی بەرجەستە بۆ گەلی ئەمەریکایە."
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە "وەزیرانی دەرەوە لە ئابوورییە پێشەنگەکانی جیهان کۆدەبنەوە بۆ پێشخستنی هاوکاری پراکتیکی لەسەر ئاستەنگە هاوبەشە ئابووری و ئەمنییەکان. ئەتلەنتا وەک ناوەندێکی جیهانی بۆ دیپلۆماسی و پەیوەندییەکان و بازرگانی، شوێنێکی زۆر گونجاو دەبێت بۆ ئەم گفتوگۆیانە."