Accessibility links

ئەمەریکا ڕێککەوتننامەی دەریایی نێوان تورکیا و لیبیا بە "ورووژێنەر" ناو دەبات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پەسەندکردنی ڕێککەوتننامەی دیاریکردنی سنوورە دەریاییەکان لەنێوان تورکیا و لیبیا، هەنگاوێکی "یارمەتیدەر نییە" بەڵکو "وروژێنەرە" و بووەتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکادا جەختی کردەوە، هەڵوێستی واشنتن بەرامبەر ئەو ڕێککەوتننامەیە هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.

وەزارەتەکە گوتی، "ڕاگەیاندنی پەسەندکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی دیاریکردنی سنوورە دەریاییەکانی تورکیا و لیبیا بووەتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا و هەنگاوێکی یارمەتیدە نییە و ورووژێنەرە."

ئەم هەڵوێستەی واشنتن دوای ئەوە دێت پەرلەمانی لیبیا، کە بارەگاکەی لە شاری بەنغازییە لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو بە کۆدەنگی ڕێککەوتننامە دەریاییەکەی لەگەڵ تورکیا پەسەند کرد.

ڕێککەوتننامەکە لە مانگی یازدەی ساڵی 2019 لە ئستانبوڵ لە نێوان سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەی حکومەتی دانپێدانراوی لیبیا، فایز سەراج، واژۆ کرا.

ڕێککەوتنەکە هێڵێکی سنوری بە درێژایی دەریای ناوەڕاست لە نێوان هەردوو وڵاتدا دیاری دەکات و شارەزایان دەڵێن تورکیا لە ڕێگەیەوە دەستی دەگات بە چەند ناوچەیەکی دەوڵەمەند بە گازی سروشتی لە دەریای ناوەڕاستدا.

پێشتر ڕێککەوتنەکە لە لایەن حکومەتی ئەوکاتی تەرابلوس واژۆ کرا، بەڵام پەرلەمانی لیبیا لە بەنغازی ئەو کات ڕەتی کردەوە و ئامادە نەبوو دانی پێدا بنێت، هەتا دوای ئەوەی تورکیا هەڵوێستی بەرامبەر حکومەتەکەی خەلیفە حەفتەر لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازییەوە بۆ هاوکاری گۆڕی.

لیبیا لە دوای بەهاری عەرەبی و شەڕی ناوخۆوە دابەش بووە بەسەر دوو ناوەندی ڕکابەری دەسەڵاتدا؛ حکومەتێک لە ڕۆژئاوای وڵاتە و ناوەندەکەی تەرابلوسە و ئەوی تریان لە ڕۆژهەڵاتە و ناوەندەکەی لە بەنغازییە.

هەرچەندە لە سەرەتای پێکدادانەکانی ئەو دوو بەرەیەدا تورکیا پشتگیری لە دەستەڵاتی بەشی ڕۆژئاوای وڵات دەکرد، بەڵام ئەنقەرە هەڵوێستی گۆڕیوە و ئێستا پەیوەندی لەگەڵ هەردوو بەرەدا هەیە.

بڕیاری نوێی پەرلەمانی بەنغازی بۆ پەسەندکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیە، دوای چەندین ساڵ لە ڕەتکردنەوەی، بووە مایەی سەرسوڕمانی یۆنان.

یۆنان و میسر و یەکێتیی ئەورووپا و ئیسرائیل و وڵات و لایەنی نێودەوڵەتیی دیکە، پێیان وایە ڕێککەوتننامەکە پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتییە ودەڵێن بەهایەکی یاسایی نییە.

ڕێککەوتننامەکە لە ئێستادا بووەتە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکی لەنێوان تورکیا و یۆنان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوای چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی گفتوگۆی ئاشتییانەوە کرد و گوتی، "یۆنان و تورکیا هەردووکیان هاوپەیمانی ناتۆن. هانیان دەدەین لە ڕێگەی گفتوگۆی دوولایەنەوە چارەسەری هەر ناکۆکییەکی نێوانیان بکەن."

This item is part of
XS
SM
MD
LG