Accessibility links

ڕوبیۆ: هیچ وڵاتێک هێندەی ئەمەریکا شەڕی دژ بە تیرۆری نەکردووە

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی ئەمریکا لە شەڕی دژ بە تیرۆریزمی جیهانی، وتی هیچ وڵاتێک لە جیهاندا هێندەی ئەمەریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان کاری نەکردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە،25ی مانگی دە، بەشێک لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی ڕوبیۆی لەگەڵ "ئیندیا تودەی" لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە کە تێیدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بە کردەوەکانی ئەمەریکا لە دژی تاقمە تیرۆریستییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا کردووە.

ڕوبیۆ لەو چاوپێکەوتنەدا دەڵێت "ئەوە ئەمریکا بوو کە داعشی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناوبرد لە سەردەمی سەرۆک ترامپ، ئەوە ئەمەریکا بوو قاعیدەی لاواز کرد. وە ئەوە ئەمەریکا بوو کە بن لادنی لەناوبرد."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها ئاماژەی بە ئۆپراسیۆنەکانی دژە تیرۆری ئەم وڵاتە لە ئەفریقا کرد و وتی "ئەمەریکا بەهەمان شێوە ناچار بووە دەستوەردان بکات و ڕووبەڕووی توخمە تیرۆریستییەکان ببێتەوە لە بەشێک لەم کیشوەرەدا."

لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە و وتی "پێموانییە هیچ وڵاتێک لە جیهاندا هێندەی ئەمەریکا پابەند بووبێت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری جیهانی لە دنیادا."

This item is part of
XS
SM
MD
LG