Accessibility links

کاندیدەکان هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا و 20 ملیۆن کەس پێشوەختە دەنگیان داوە

نزیکەی 20 ملیۆن کەس تا ئێستا لە دەنگدانی پێشوەختەی هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەنگیان داوە، لە کاتێکدا کاندیدەکان و کەسە سیاسییە دیارەکان بەشداریی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن دەکەن و کەمتر لە دوو هەفتەی ماوە بۆ ڕۆژی دەنگدان.

لە هەڵبژاردنی پێشووی ناوەڕاستی خۆلی سەرۆکایەتیدا لە ساڵی 2022، بە تێکڕا 112 ملیۆن دەنگ درا.

لە هەندێک لەو ویلایەتانەی کە جێگەی کێبڕکێی توندن بۆ بردنەوەی کۆنترۆڵی کۆنگرێس، تاوەکو ئێستا دەنگدانی پێشوەختە لێیان زیاترە بە بەراورد بە ساڵی 2022. بەراود بە هەمان بەرواری هەڵبژاردنی پێشوو، دەنگدانی پێشوەختە لە ویلایەتەکانی کانسەز و مەین و کارۆلاینای باکور زیاترە.

ئەم هەفتەیە سەرۆک دۆناڵد ترامپ بەشداریی هەڵمەتی هەڵبژاردنی لە ویلایەتەکانی کانسەز و کارۆلاینای باکور و باشور و ئایەوا کرد بۆ بەرەوپێشبردنی دەنگی کاندیدە کۆمارییەکان. وا بڕیارە لە هەفتەی داهاتووشدا بەردەوامبێت لە بەشداریکردن لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن، یەکێک لەوانە ویلایەتی میسییسپیە بۆ پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی خۆکاندیدکردنەوەی سیناتۆر سیندی هاید سمس.

کامێلا هارسی جێگری پێشووی سەرۆک لە دیموکراتە دیارەکانە کە ئەم هەفتەیە لە هەڵمەتی هەڵبژاردن بەشداری کرد و ڕۆژی پێنجشەممە سەردانی میسیسپی کرد بۆ پشتیوانیکردنی سکۆت کۆڵۆمی دیموکرات کە ڕکابەری هاید سمسە.

ئەلێگزاندریا ئۆکاسیۆ کۆرتێزی ئەندامی دیموکرات لە ئەنجومەنی نوێنەران رۆژی پێنجشەممە هاوشانی ترۆی جاکسن دەرکەوت کە لە ویلایەتی مەین خۆی کاندیدکردووە بۆ ئەنجومەنی سینات. هەروەها حەکیم جێفریز کە سەرکردەی دیموکراتەکانە لە ئەنجومەنی نوێنەران گەشتی بۆ ئۆهایۆ کرد تاوەکو بەشداریی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی مارسی کاپتۆری ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بکات کە پارتەکەی هەوڵی بردنەوەی زۆرینە دەدات لەو ئەنجومەنەی کۆنگرێس.

جەیدی ڤانس جێگری سەرۆکیش لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا لە ئۆهایۆ دەرکەوت. ئەمساڵ لە ئۆهایۆ چەندین پێشبڕکێی گرنگ هەن، لەوانە بۆ ئەنجومەنی سینات و فەرمانڕەوای ویلایەتەکە. لە کێبڕکێدا بۆ کورسی سینات، شیرۆک براونی دیموکرات هەوڵ دەدات کورسییەکە لە ژێر جۆن هەستن دەر بهێنێت. لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی فەرمانڕەوای ویلایەتەکەدا، ڤیڤێک رامەسوامی کۆماریی و ئەیمی ئاکشنی دیموکرات هەوڵی بردنەوەی ئەو پۆستە دەدەن.

This item is part of
XS
SM
MD
LG