Accessibility links

وەزارەتی جەنگ کۆمەڵەیەکی تر لە فایلەکانی دیاردەی نەناسراوی هەوایی بڵاو دەکاتەوە

ئەم دیمەنە ڕاستی نییە، بەڵکو وێناکردنێکی هونەرییە بۆ ڕووداوێک کە ساڵی 2002 لە لایەن سەربازانی ئەمەریکا لە بنکەی ئاسمانیی بەگرام لە ئەفغانستان تۆمار کراوە و پەیوەندی بە دیاردە هەواییە نەناسراوەکانەوە هەیە.
ئەم دیمەنە ڕاستی نییە، بەڵکو وێناکردنێکی هونەرییە بۆ ڕووداوێک کە ساڵی 2002 لە لایەن سەربازانی ئەمەریکا لە بنکەی ئاسمانیی بەگرام لە ئەفغانستان تۆمار کراوە و پەیوەندی بە دیاردە هەواییە نەناسراوەکانەوە هەیە.

وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا ئەمڕۆ هەینی کۆمەڵەیەکی تری لە بەڵگەنامەکانی پەیوەستە بە دیاردەی نەناسراوی هەوایی (UAP) بڵاو کردەوە. یەکێک لە سەنجڕاکێشترین بەڵگەنامەکان دەربارەی تەنێکی فڕیوە لە شێوەی "سێگۆشەیەکی ڕەشی مات" کە لە نزیک "پێگەیەکی ئاسایشی نیشتمانی" تۆمار کراوە.

ڕووداوەکە لە مانگی شەشی ئەمساڵ تۆمار کراوە و بە نهێنی ماوەتەوە. بەڵام وەزارەتی جەنگ ئەمڕۆ ئاشکرای کرد، لە چوارچێوەی ئەو کەیسانەدا کە بە فەرمانی سەرۆک ترامپ بڵاو کراونەتەوە.

لەم کەیسەدا، سێ کارمەندی فیدرالی تەنێکی سێگۆشەییان بینیوە کە "بەشێوەیەکی ستونی هەڵکشا، بەوەستاویی مایەوە، لایدایەوە و داکشا بەرەو ناو خەرەندێک." ئەو تەنە لە وادەی دوو ڕۆژدا لە مانگی شەشی ئەمساڵ بینراوە. ناوی کارمەندەکان و پێگەکانیان لە بەڵگەنامەکەدا لەبەر هۆکاری ئاسایش بە ڕەنگی ڕەش داپۆشراون.

کارمەندەکان ڕاپۆرتیان داوە کە مەودای فراوانیی باڵەکانی ئەو تەنە نزیکەی "سێزدە بۆ پازدە پێ" بووە، و "شەش بۆ نۆ پێ درێژ بووە" بەڵام تەنها "یەک بۆ دوو پێ ئەستور بووە." هەروەها، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەو تەنە لە ئاسمان وەستاوە و لە باری وەستانەوە گۆڕاوە بۆ "فڕینی ئاسۆیی بە خێراییەکی زۆر ... بە هەمان خێرایی فڕۆکەی سەربازیی،" بەڵام هیچ دەنگێکی لێوە نەهاتووە.

ئەو ڕووداوە جێگەی سەرنجە بە هۆی سروشتی بینینەکەی و ئەو ڕاستیەی کە ئەمەریکا و نەیارەکانیشی خاوەنی تەکنەلۆجیای لەو جۆرە نین.

نوسینگەی ساغکردنەوەی ناجۆرییەکانی هەموو بوارەکان لە پێنتاگۆن (AARO) نوسیویەتی کە "ئەم ڕووداوە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە." هەروەها ئاماژەشی داوە کە "ڕووداوی ڕاپۆرتکراوی دیکە لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئەمەریکا هەبوون."

ڕاپۆرتەکە بەشێک بووە لە گوژمەیەکی 10 بەڵگەنامەیی کە ڕۆژی هەینی بڵاوکرانەوە، وەک بەشێک لەو فەرمانەی کە سەرۆک ترامپ مانگی دوو بۆ ئاژانسەکانی ئەمەریکای دەرکرد بۆ "دەستکردن بە پرۆسەی دەستنیشانکردن و بڵاوکردنەوەی مەلەفەکانی حکومەت کە پەیوەستن بە ژیانی دەرەوەی گۆی زەوی، و دیاردە هەواییە نەناسراوەکان (UAP) و تەنی فڕیوی نەناسراو (UFO)."

تاوەکو ئیستا حکومەت حەوت گوژمەی بەڵگەنامەکانی بڵاوکردووەتەوە.

لەناو بڵاوکراوەکاندا ڕووداوێک هەیە کە لە مانگی نۆی 2021 ڕووی داوە و تیایدا 25 دیاردەی ئاسمانیی نەناسراو لەوادەی مەشقی دەریایی هێزەکانی ئەمەریکا لە کەنداوی عومان بینراون و تۆماری ڤیدیۆیی ئەو شتانە هەن. ڕووداوێکی دیکەیان لە بنکەی باگرام لە ئەفغانستان ڕووی داوە، تێیدا فڕۆکەوانێکی پێشوو وتوویەتی شتێکی زۆر گەورە بە ئاسماندا تێپەڕیوە و بە هۆیەوە بەشێک لە ئاسمان ڕەش داگەڕاوە.

ڕاپۆرتەکان باسی ئەوە ناکەن کە ئەم ڕووداوانە ببنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی. هەروەها باسی ئەوەش ناکەن کە ئەمانە بەڵگەی سەلمێنەرن لەسەر هەبوونی هاوشێوەی ژیان یاخود تەکنەلۆجیای دەرەوەی زەوی.

This item is part of
XS
SM
MD
LG