دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی لە کۆشکی سپی قسەی بۆ ڕۆژنامەوانان کرد و گوتی کە ''ئێران وڵاتێکی شکستخواردووە.''
هەروەها گوتی کە ''ئێمە دەمانتوانی هەموو نەوتەکەی و تەنانەت هەموو وڵاتەکەش بگرین. گەرووی هورمز بووەتە هی ئێمە و هەر بەم جۆرەش دەیپارێزین.''
سەرۆک ترامپ گوتی کە ''هەمووان دەبینن ئێمە بە هاوکاریی هێزە دەریاییەکانمان هەرچەند نەوتمان بوێت لە گەرووی هورمزەوە دەیگوازینەوە . بەڵام گەمارۆمان خستووەتە سەر نەوتی ئێران.''
لەسەر ڕێژەی هاتووچۆی نەوت لەو گەرووەدا, سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت, ''هەفتەی ڕابردوو زۆرترین ڕێژەی نەوتمان لە گەرووی هورمزە گواستۆتەوە کە هەرگیز ئەم ڕێژەیە بەو گەرووەدا تێپەڕ نەبووە، تەنانەت بەر لە جەنگەکەش.''
سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆی ئێرانیش گوتی ئەوان هەڵاوسانی ئابوورییان گەییشتۆتە ئاستێک کە لە جیهاندا وێنەی نییە و هیچ بڕە پارەیەکیان نەماوە. "ئەوە ئێمەین بڕیار دەدەین کە ئایا کارەکە تەواو بکەین یان هەر بەم جۆرە بیهێڵێنەوە. ئێمە لە ئێستادا ئەوەی دەمانەوێت بە دەستمان دەگات."
ئەم گوتانەی سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتێکدایە کە بەهۆی ئەگەری هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران نرخی نەوت بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و ئێرانیش ڕای گەیاندووە کە کۆنتڕۆڵی تەواویان بەسەر گەرووەکەدا هەیە.
تەلەفزیۆنی حکوومەتی ئێران دەڵێت لە ڕۆژی پێنجشەممەدا هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران چوار کەشتییان بە ئامانج گرتووە و ڕۆژی پێشتریش مین بە سێ کەشتیدا تەقیوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە کۆمپانیای یو کەی ئێم تی ئۆی بەریتانیش ڕای گەیاندووە کە کەشتییەکیان لە ڕۆژی چوارشەممەدا پێکراوە، بەڵام سەرنشینەکانی سەلامەتن.
هەروەها ئەمین ناسڕ بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی سعودیە لە چاوپێکەوتنێکی بۆ کەناڵی عەرەبییە بزنس دەڵێت ئەوان لە ئێستادا ڕۆژانە حەوت ملیۆن بەرمیل نەوت بە ڕێگەی بۆڕی بۆ ڕۆژئاوای وڵاتەکە دەگوازنەوە.
ئەمین ناسر گوتیشی لە ئەگەری ئاساییبوونەوەی بارودۆخی گەرووی هورمز، جیهان پێویستی بە سێ ملیۆن بەرمیلی زیاتر دەبێت بۆ پڕکردنەوەی کۆگاکان کە نەوتەکەیان بەهۆی ئەم بارودۆخەوە بەکار هاتووە.