کۆشکی سپی ڕۆژی هەینی، 23ـی مانگی دە، ڕایگەیاند کە خانمی یەکەمی ئەمەریکا مەلانیا ترامپ توانیویەتی ڕێککەوتنێکی ئاگربەستی کاتی لەنێوان ڕووسیا و ئۆکراینا بەدەست بهێنێت بۆ شاری ئۆلێشکی لە باشووری ئۆکراینا.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆشکی سپی، هەردوو وڵات ڕازی بوون لە 29ـی ئەم مانگەوە بە شێوەیەکی کاتی هەموو چالاکییە سەربازییەکان لەو شارە ڕابگرن، بۆ ئەوەی هاوکاریی مرۆیی بگەیەنرێتە دانیشتووان و ڕێڕەوێکی سەلامەت بۆ گواستنەوەی مەدەنییەکان دابین بکرێت.
میلانیا ترامپ لە ڕاگەیەندراوەکەدا بارودۆخی ئۆلێشکیی بە مەترسیدار وەسف کرد و گوتی زۆربەی ئەو کەسانەی لە شارەکە ماونەتەوە، بەساڵاچوون و پێویستییان بە چارەسەری پزیشکی، دەرمان، خواردن و ئاوی پاک هەیە.
خانمی یەکەم ڕایگەیاند، "خەڵکی ئۆلێشکی کارەبایان زۆر سنووردارە، لە ناوچەیەکدا دەژین کە ڕێگاکانی مینڕێژ کراون و بەردەوام ڕووبەڕووی هێرشی سەربازی دەبنەوە."
شاری ئۆلێشکی دەکەوێتە باشوری ئۆکراینا و لە ساڵێ 2022ـەوە کەوتووەتە ژێر دەستی ڕووسیا. پێش جەنگ نزیکەی 24 هەزار کەس لە شارەکە دەژیان، بەڵام ئێستا تەنها نزیکەی هەزار و 700 بۆ دە هەزار کەس، لە نێوانیان نزیکەی 50 منداڵ، لەوێ ماونەتەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان، ئەو خەڵکانەی لەوێ ماونەتەوە دۆخێکی سەخت تێدەبەڕێنن و بە هۆی کەمی خۆراکەوە ناچاربوون گژوگیا بخۆن.
بە پێی کۆشکی سپی، خانمی یەکەمی ئەمەریکا و نوێنەرەکەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرکردایەتیی ڕووسیا و ئۆکراینا گفتوگۆیان کردووە و لەسەر مەرجەکان، کاتی جێبەجێکردن و ڕێکارە تەکنیکییەکانی ئاگربەستەکە ڕێککەوتوون.
مەلانیا ترامپ گوتی بەرپرسانی مەدەنیی هەردوو وڵات سەردانی ماڵەکانی دانیشتووان دەکەن بۆ دیاریکردنی پێداویستییەکانیان. ئەوانەش کە بیانەوێت شارەکە جێبهێڵن، هاوکاری و هۆکاری گواستنەوەیان بۆ شوێنی هەڵبژاردەی خۆیان بۆ دابین دەکرێت.
ئەو گوتی پێشبینی دەکات هەندێک لە دانیشتووان بیانەوێت بچنە ڕووسیا و هەندێکی دیکەش بگەڕێنەوە ئۆکراینا.