مایک واڵتز، نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە توندی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی فاینانشەڵ تایمزی ڕەت کردەوە کە تێیدا هاتووە حکومەتی دۆناڵد ترامپ ئامادەیە بۆ ئەگەری درێژەکێشانی ململانێ لەگەڵ ئێران.
فاینانشەڵ تایمز لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیبووی، واڵتز دانی بەو ئەگەرەدا ناوە کە تەنانەت دوای ساڵێکیش ئەمەریکا و ئێران لە دۆخی بنبەستدا بمێننەوە، بەبێ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران یان گەڕانەوەی هاتوچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز بۆ ئاستی پێش جەنگ.
بەڵام واڵتز لە وەڵامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ناونیشانی ڕاپۆرتەکەی بە "بێبنەما و بە تەواوی هەڵبەستراو" وەسف کرد و گوتی، شێوازی داڕشتنەوەی لێدوانەکانی لەلایەن ڕۆژنامەکەوە تەنها لێکدانەوەی خۆیانە و دەبێت دەستبەجێ ڕاستی بکەنەوە.
واڵتز هەروەها دەقی تەواوی پرسیار و وەڵامەکانی بڵاو کردەوە، کە تێیدا لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی ماوەی بەردەوامبوونی فشارەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، گوتوویەتی سەرۆک ترامپ و هێزی دەریایی ئەمەریکا دەتوانن گەمارۆی دەریایی بۆ داهاتوویەکی پێشبینیکراو بەردەوام بکەن.
واڵتز جەختی کردووەتەوە کە سیاسەتی زۆرترین فشار بۆ سەر ئێران توندتر دەبێتەوە و واشنتن هەوڵی گەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی دەدات، بە پشتگیریی فشارە ئابووری و سەربازییەکان.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا دۆخی ئێستا دەتوانێت تا ساڵێکی دیکە بەردەوام بێت، واڵتز گوتی، "نامەوێت بچمە ناو گریمانەکانەوە. هیوادارین ئێران پێش ئەوە بە شێوەیەکی جددی بێنە سەر مێزی گفتوگۆ."
ئەو هەروەها ڕوونی کردەوە کە بڕیاردان لەسەر ماوەی بەردەوامبوونی گەمارۆ و بەکارهێنانی فشارە ئابووری، دیپلۆماسی و سەربازییەکان لە دەستی سەرۆک ترامپدایە.