دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە لە هەڵمەتێکی بانگەشەکانی هەڵبژاردن لە ویلایەتی ئایۆوا، جارێکی دیکە جەختی لە پێشگرتن بە ئێران کردەوە لە دەستڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکی و وتی پرسی ئێستا لەگەڵ ڕێژیم بە شێوەیەک لە شێوەکان کۆتایی پێدێت.
سەرۆک ترامپ باسی لەوە کرد ئەمەریکا ڕێبەرانی پلە یەک و دووی کۆماری ئیسلامی ئێران و ژمارەیەک سەرکردەی پلە سێی ئەو ڕژێمەی لەناوبردووە و وتی ئێستاش کەسیان نییە دانوستانیان لەگەڵدا بکات.
سەرۆکی ئەمەریکا لە وتارەکەیدا لەو ویلایەتە وتی "کێشەکە ئەوەیە ڕێبەرەکانیانمان لەناوبردووە، ڕێبەرانی پلە یەکیان و پلە دووەمەکانیشمان لێدان و نەماون. هەندێک لە پلە سێیەمەکانیش بە هەمان شێوە. ئێستاش کەس نەماوە دانوستانیان لەگەڵ بکەم."
وتیشی "کێشەی گەورەی من ئەوەیە کەس نایەوێت ببێتە ڕێبەری ئێران."
سەرۆکی ئەمەریکا لە درێژەی قسەکانیدا وتی "ئێمە زۆر باش گوێ لە هەندێک لە گفتوگۆکانیان دەگرین، ئێمە زۆر باشین لەوەدا."
سەرۆکی ئەمەریکا لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەمەریکا دژی کۆماری ئیسلامی کرد و وتی "ئێمە بە ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو و ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی، توانای پیتاندنی ئەتۆمی ئێرانمان لەناوبرد و لە ڕووی سەربازی و دارایی و لە بوارەکانی دیکەشدا شکستمان پێهێناون.
جەختیشی لەوە کردەوە هەرگیز ناکرێت ڕێگەیان پێبدرێت چەکی ناوکی بەدەست بهێنن و وتی نابێت شتێکی وا ڕووبدات.
سەرۆک ترامپ هەروەها لەو وتارەدا کە پێشکەشی کۆمەڵێک کەسی لە ویلایەتی ئایۆوا کرد، سەبارەت بە بڕیارەکەی بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، وتی ئەو ڕۆژێک پێشتر لە ئایۆوا بووە و وتیشی "ڕۆژێک پێش ئەوەی بڵێم دەبێت بچین و ڕێگرییان لێبکەین لە دەستڕاگەیشتنیان بە چەکی ئەتۆمی، من لەم ویلایەتەی ئێوە بووم. ئەگەر چەکی ئەتۆمییان هەبوایە، هەستتان بە ئاسوودەیی نەدەکرد. ڕەنگە تا ئێستا وێرانکاری و کارەساتان بینیبا. ئێمە ناچار بووین پێشیان پێبگرین."
سەرۆکی ئەمەریکا لە درێژەدا ئاماژەی بە دەرئەنجامەکانی کۆتایی هاتنی شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر نرخی وزە کرد و وتی "هەرکاتێک ململانێی ئێستا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کۆتایی هات، نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت."
سەرۆک ترامپ بە بیرهێنانەوەی گەشتەکەی پێشووی بۆ ویلایەتی ئایۆوا و ئاماژە کردنی بە نرخی بەنزین لە دوو بەنزینخانەی ئەو ویلایەتە پێش دەستپێکردنی ململانێکان، وتی لەو کاتەدا نرخی گاڵۆنێک بەنزین لە وێستگەیەکدا یەک دۆلار و 95 سنت و لە وێستگەکەی دیکەدا یەک دۆلار و 85 سنت بوو.
ئەو لە درێژەی قسەکانیدا بە ئامادەبووانی وت نرخی بەنزین لەمە زیاتریش دادەبەزێت، نەوتێکی زۆر لە جیهاندا هەیە.
سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها ئاماژەی بە گەمارۆی دەریایی سەر کۆماری ئیسلامی و دۆخی تەنگەی هورمز کرد و وتی "ئەمڕۆ لە ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵدا باس لەوە کرا کە هێزی دەریایی ئێمە سەرسوڕهێنەرە و ئەم گەمارۆیە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا وایکردەوە نەوتی زیاتر تەنانەت لە چاو پێش جەنگیش، بەو تەنگەیەدا تێپەڕێت."
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردووەتەوە ئەو نەوتەی لەم دواییانەدا بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیوە، تەنانەت زیاترە لە پێش ململانێکان. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەهۆی ئەو گەمارۆ دەریاییەی کە ئەمەریکا بەسەر کۆماری ئیسلامیدا سەپاندوویەتی، هیچ نەوتێک لە ئێرانەوە لە ڕێگەی دەریاوە هەناردە نەکراوە.
سەرۆک ترامپ باسی لەوەش کرد کە پرسی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەک لە شێوەکان کۆتایی دێت و شێوەکەش بۆ ئەو زۆر گرنگ نییە و وتی نرخەکان دادەبەزن.