Accessibility links

کێبڕکێ سەرەکییەکانی هەڵبژاردنی ئەمەریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆنگرێس

بە تێکڕایی 470 کورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا و سینات لە هەڵبژاردنەکانی مانگی یازدەدا دەنگیان لەسەر دەدرێت، بەڵام کۆمەڵێک کێبڕکێی بچووکی گرنگ هەن کە ئەگەری ئەوەیان لەسەرە ببنە هۆکاری یەکلاییکردنەوەی ئەوەی کام لایەن کۆنترۆڵی هەردوو بەشی کۆنگرێس دەکات.

دیموکرات و کۆمارییەکان هەریەکەیان ژمارەیەک کورسییان هەن کە بۆیان یەکلایی بووەتەوە، چونکە دەکەونە ئەو ناوچانەی کە ساڵانێکی زۆرە وەک نەریتێکی باو دەنگیان بە یەکێک لەو حزبانە داوە و بەردەوام دەنگیان پێ دەدەنەوە.

ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو شوێنانەن کە بە مەیدانی کێبڕکێ ناسراون و ئەگەری هەیە هەر یەکێک لە دوو پارتەکە بیبەنەوە.

ئەوانەش ئەو ناوچانەن کە هەردوو پارتە سەرەکییەکە ملیۆنان دۆلاریان لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا تێیاندا خەرج کردوە بۆ بردنەوەیان و زامنکردنی کۆنترۆڵی کۆنگرێس.

کێبڕکی سەرەکییەکانی ئەنجومەنی سێنات

لە ئێستادا کۆمارییەکان 53 کورسی سێناتیان هەیە و زۆرینەن، لە بەرامبەردا دیموکراتەکان 47 کورسییان هەیە.

سی و پینج کورسی ئەنجومەنی سێنات ئەمساڵ هەڵبژاردنیان بۆ دەکرێتەوە. 22 کورسییان ئێستا لەلای کۆمارییەکانە و 13 کورسیان لەلای دیموکراتەکانە.

لە ویلایەتی ئەلاسکا، ئەمساڵ کورسییەکەی دان سەلیڤانی کۆماریی وادەی هەڵبژاردنەوەیەتی. ئەو لە 2015ـەە ئەو کورسیەی لەلایە. ماری پێلتۆلای دیموکرات، کە پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتەکەی بووە، ئێستا دەیەوێت ئەو کورسیە بۆ پارتەکەی خۆی بباتەوە. یەکێک لە ڕەهەندەکانی ئەم کێبڕکێیە ئەوەیە کە کاندیدێکی سەربەخۆش بەشدارە، ئەویش هەر ناوی دان سەلیڤانە و لە لیستی بەربژێراندایە.

لە ویلایەتی جۆرجیا، سیناتۆری دیموکرات، جۆن ئاساف دەیەوێت بۆ خولێکی دیکەش هەڵببژێردێتەوە پاش ئەوەی ساڵی 2021 ئەو کورسیەی بردەوە.

مایک کۆڵینز ئەندامی کۆماریی ئەنجومەنی نوێنەران دەیەوێت بچێتە ئەنجومەنی سێنات و ببێتە نوێنەری ویلایەتێک کە سەرۆک دۆناڵد ترامپ ساڵی 2024 بردیەوە.

لە ویلایەتی ئایەوا، جۆنی ئێرنست، سیناتۆری کۆماری، لەدوای دوو خول خۆی خانەنشین دەکات، بەمەش کورسیەکەی دەکەوێتە بەردەم کێبڕکێیەکی کراوە لەنێوان ئاشلی هینسن، ئەندامی کۆماریی ئەنجومەنی نوێنەران، و جۆش تورێک، کە ئەندامێکی دیموکراتی ئەنجومەنی یاسادانانی ویلایەتەکەیە.

لە ویلایەتی کانسەس، ئادەم هامیڵتنی دیموکرات، کە ڕابەری گەورەترین کەنیسەی میتۆدیستی یەکگرتووە، هەوڵدەدات ببێتە یەکەم دیموکرات لە ساڵی 1932ـەوە ئەو کورسیەی ئەنجومەنی سێنات بەرێتەوە. ئەو دەخوازێت لە سیناتۆری کۆماریی رۆجەر مارشاڵ بەرێتەوە کە ساڵی 2020 ئەو کورسیەی بردەوە.

سوزەن کۆڵینزی سیناتۆری کۆماریی ویلایەتی مەین خوازیاری بردنەوەی خولێکی دیکەیە لە ئەنجومەنی سینات. ئەو لە ساڵی 1996ـەوە ئەو کورسیە دەباتەوە. دیموکراتەکان بردنەوەی ئەو کورسییەیان کردووەتە لوتکەی کارە پێشینەکانیان، دەخوازن ترۆی جاکسن، سەرۆکی پێشووتری ئەنجومەنی سینات، ئەو کورسییەیان بۆ بباتەوە.

لە ویلایەتی میشیگن، خانەنشینبوونی سیناتۆری دیموکرات گاری پیتەرز ڕێگەی خۆش کردووە بۆ ڕکابەرییەکی نزیک لەنێوان عەبدول ئەلسەیدی دیموکرات، کە پێشتر بەرپرسی تەندروستیی گشتیی بووە، لەگەڵ مایک رۆجەرزی ئەندامی کۆماریی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران.

خانەنشینبوونی جین شاهینی سیناتۆری دیموکرات کورسییەکی لە ویلایەتی نیو هامشێر چۆڵ کرد. جۆن سنونوی سیناتۆری پێشووتری کۆماریی کە ساڵی 2008 کورسییەکەی دۆڕاند، جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کریس پاپاسی ئەندامی دیموکراتی ئەنجومەنی نوێنەران.

لە ویلایەتی کارۆلاینای باکور، خانەنشینبوونی تۆم تیڵەسی ئەندامی کۆماریی ئەنجومەنی سینات دەرگای کێبڕکێی واڵا کرد لەبەردەم مایکڵ واتڵی کۆماری، سەرۆکی پێشووتری کۆمیتەی نیشتمانیی کۆماریی، لەگەڵ ڕۆی کوپەری دیموکرات کە پێشتر فەرمانڕەوای ویلایەتەکە بووە.

هەڵبژاردنێکی تایبەتیش لە ویلایەتی ئۆهایۆ دەگوزەرێت کە یەکێک لە پڕ خەرجیترین هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن بۆ هەردوو پارتەکە. هەر یەکێک لە پارتەکە هەوڵ دەدەن بۆ پڕکردنەوەی ئەو دوو ساڵەی کە ماوە لە خولی سیناتی جەیدی ڤانسی جێگری سەرۆک کە ساڵی 2025 کورسییەکەی چۆڵ کرد. جۆن هەستێدی کۆماریی کە بەشێوەیەکی کاتیی لەو پۆستە دانرا، ئێستا دەخوازێت بە هەڵبژاردن کورسییەکە بباتەوە. شێرۆد براونی دیموکراتیش هەوڵدەدات بچێتەوە ئەنجومەنی سینات پاش ئەوەی ساڵی 2024 کورسییەکەی دۆڕاند.

لە تەکساس، کێن پاکستنی وەزیری دادی ویلایەتەکە ڕووبەڕووی جەیمس تالەریکۆی دیموکرات دەبێتەوە کە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتەکەیە. دیموکراتەکان هەوڵ دەدەن ئەو چنگگیرکردنە درێژخایەنەی پارێزگاریخوازەکان هەیانە بەسەر ویلایەتەکەوە بگۆڕن چونکە لە ساڵی 1988ـەوە ئەو کورسییەیان نەبردۆتەوە.


کێبڕکێکانی ئەنجومەنی نوێنەران

کۆمارییەکان زۆرینەیەکی بچووکیان لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش هەیە. دیموکراتەکان هەوڵدەدەن بە تێكڕا چوار کورسی زیاتر ببەنەوە بۆ گۆڕینی ئەم هاوکێشەیە.

لە نێوان ئەو کێبڕکێیانەی کە چاویان لەسەرە بریتین لە کورسییەکانی سێ ناوچە کە کۆمارییەکان ساڵی 2024 بردوویاننەتەوە، بەڵام لەو شوێنانەش زۆرینەی دەنگدەران دەنگیان بە کامێلا هاریسی کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆک داوە.

لە ناوچەی 17 لە نویۆرک، مایک لاوەری کۆماریی کە ئێستا کورسیەکەی لەلایە هەوڵی جارێکی دیکە بردنەوەی دەدات لە بەرامبەر کەیت کۆنڵی دیموکرات کە بەرپرسێکی پێشووی ئاسایشی نیشتمانی بووە لە بەڕێوەبەرایەتی بایدن.

لە ناوچەی 2ـی نیبراسکا، دێنیس پاوڵی دیموکرات، کە چالاکوانێکی سیاسییە، ڕووبەڕووی برینکەر هاردینگی کۆماری بووەتەوە، کە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانییە. ئەو کێبڕکێیەش کراوەیە لە پاش خانەنشینبوونی دۆن بەیکنی ئەندامی کۆماریی ئەنجومەنی نوێنەران.

لە ناوچەی 1ـی پێنسلڤەینیا، برایەن فیتزپاتریکی کۆماریی کە ئێستا کورسیەکەی لەلایە ڕووبەڕووی بۆب هارڤی دیموکرات دەبێتەوە کە کۆمیسیاری ناوچەکەیە.

لە بارەی ئەو کورسییەی کە ئێستا لای دیموکراتەکانە لە ناوچەیەک کە لە هەڵبژاردنەکانی 2024ـدا پشتگیری سەرۆک ترامپی کرد، ماری گلوسنکامپ پێرێزی دیموکرات دووبارە هەوڵی بردنەوەی کورسیەکەی دەدات لەبەرامبەر جۆن براون کە سەرکردەی کۆمارییەکانە لە ئەنجومەنی سێناتی ویلایەتەکە لە ناوچەی سێی واشنتن.

لە سەروبەندی ئەم خولەی هەڵبژاردنەکاندا لە چەندین ویلایەت ناکۆکیی هەیە لەسەر نەخشەکێشانەوەی دیاریکردنی ناوچەکانی دەنگدان، کە تیایاندا کۆماریی و دیموکراتەکان هەوڵی سەرلەنوێ کێشانەوەی نەخشەی ناوچەکان بەجۆرێک دەدەن کە زیاتر لەبەرژەوەندی کاندی پارتەکەی خۆیان بێت.

یەکێک لەو شوێنانە ناوچانەی 34ـە لە تەکساس. لەوێ کۆمارییەکان نەخشەکەیان گۆڕی تاوەکو باڵادەستیی بەدەست بهێنن. ڤیسێنتێ گۆنزالیز ئەندامی دیموکراتی ئەنجومەنی نوێنەران هەوڵ دەدات بۆ جاری شەشەم ئەو کورسییە بباتەوە و ڕووبەڕووی ئیریک فلۆرێسی کۆماریی دەبێتەوە، کە پێشتر داواکارێکی گشتیی فیدراڵی بووە.

لە ناوچەی 22 لە کالیفۆرنیا، دیموکراتەکان هەوڵیان دا نەخشەیەکی نوێ بەکاربهێنن بۆ ئەوەی خۆیان بچنە پێشەوە. دەیڤد ڤالەداوی ئەندامی کۆماریی ئەنجومەنی نوێنەران هەوڵ دەدات بۆ خولێکی تریش دەست بە کورسییەکەوە بگرێت لە بەرامبەر ڕاندی ڤیاگاسی دیموکرات کە مامۆستای زانکۆیە و ڕکابەریی دەکات.

کێبڕکێی دیکە کە چاودێری بکرێت بریتییە لە ناوچەی 2 لە ویلایەتی مەین. لەوێ جارید گۆڵدنی دیموکرات خۆی خانەنشین کردوو و کورسیەکەی واڵابووە بۆ کێبڕکێ لەنێوان پۆڵ لاپەیجی کۆماری، کە پێشتر فەرمانڕەوای ویلایەتەکە بووە، لە بەرامبەر مات دەنلاپی دیموکرات کە وردبینی ویلایەتەکە بووە.

لە ویلایەتی ئۆهایۆش، ناوچەی 7ـی ویلایەتەکە کێبڕکێی نێوان ماکس میلەری ئەندامی کۆماریی ئەنجومەنی نوێنەران و برایەن پۆینتدێکستەری دیموکرات لەخۆ دەگرێت.

ڕۆژی هەڵبژاردن 3ـی مانگی یازدەیە و ئەو کەسانەی هەڵبژاردن دەبەنەوە ڕۆژی 3ـی یەکی ساڵی داهاتوو سوێندی یاسایی دەخۆن.

This item is part of
XS
SM
MD
LG