Accessibility links

دوابەدوای زیادبوونی گوشارەکانی ئەمەریکا، یۆنان جەخت لەسەر جێبەجێکردنی سزاکانی سەر حکومەتی ئێران دەکاتەوە

دوابەدوای گوشارە ئابووری و داراییەکانی سەر حکومەتی ئێران بەهۆی سزا بەرفراوانەکانی ئەمەریکاوە، حکومەتی یۆنان ڕۆژی پێنجشەممە 22ی مانگی دە بە فەرمی ڕایگەیاند دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی ئەو سزایانە.

ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە وەزارەتی دارایی یۆنان ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاندووە کە دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی سزا ئابووری و داراییەکانی پەیوەست بە کۆماری ئیسلامی و هەروەها وەزارەتە دەشڵێت پشتیوانی لە هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و بەرنگاربوونەوەی دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆر دەکات.

ئەم هەواڵە ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند سزای بەسەر کۆمپانیایەک کە بنکەی لە یۆنان و پەنەمایە، سەپاندووە، ئەمەش بە هۆی مامەڵەی ئەو کۆمپانیایە لەگەڵ دامەزراوە داراییەکانی کۆماری ئیسلامی.

هەروەها لە بەیاننامەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکادا ئاماژە بەوە کراوە کە فەرمانێک بۆ لێکۆڵینەوە لە بانکێکی یۆنان دەرچووە؛ لە بەیاننامەکەدا ناوی بانکەکە نەهاتووە.

نزیک بە هەشت مانگ دوای دەستپێکردنی شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گەمارۆکانی سەر تاران توندتر دەبن.

جگە لە گەمارۆی دەریایی بەردەوامی ئەمەریکا لە دژی بەندرەکانی ئێران کە لە مانگی حەوتەوە سەپێندراوە، وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە مانگی هەشتەوە ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری دژی ئێران ڕاگەیاندووە.

هەر لە چوارچێوەی ئەم پلانەدا ئەمەریکا سزای سەپاندە سەر سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران و لە ئەنجامدا ژمارەیەک وڵات لە سەرەتای مانگی دەوە گەشتە ئاسمانییەکانی ئێرانیان لە فڕۆکەخانەکانیان قەدەغە کرد.

This item is part of
XS
SM
MD
LG