Accessibility links

ترامپ فەرمانێک لە بەرژەوەندیی هۆزە ڕەسەنەکانی ویلایەتی واشنتن دەر دەکات

وێنەیەک لە مەراسیمی هۆزە ڕەسەنەکانی ئەمەریکا لە ویلایەتی ماساچووسیتس
وێنەیەک لە مەراسیمی هۆزە ڕەسەنەکانی ئەمەریکا لە ویلایەتی ماساچووسیتس

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە پرۆژەیاسایەکی واژۆ کرد کە مافی بەکارهێنانی زیاتر لە هەزار و 82 دۆنم زەوی لە ویلایەتی واشنتن دەداتە هۆزی ڕەسەنی ئەمەریکایی لۆوەر ئەلوها کلاڵام.

ئەم پرۆژەیە لە 26ـی مانگی سێی 2025ـدا لە لایەن ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران ئیمیلی ڕانداڵ پێشکەش کرابوو.

هۆزی لۆوەر ئەلوها کلاڵام بە شێوەیەکی مێژوویی لە ناوچەی دۆڵی ڕووباری ئەلوها لە ویلایەتی واشنتۆن نیشتەجێن.

بەپێی یاسایەکە، ئەم زەوییانە لەسەر ناوی حکوومەتی فیدراڵی دەمێننەوە بەڵام مافی بەکارهێنانی دەدرێت بەو هۆزە و لە هەموو جۆرە تاکسێک دەبەخشرێت.

شایەنی باسە، بابەتی خاوەندارێتیی زەوی لە لایەن هۆزە ڕەسەنەکانی ئەمەریکاوە بابەتێکی فرەڕەهەندە و حکوومەتی ئەمەریکا چەندین ناوچەی بۆ هۆزە ڕەسەنەکان دابین کردووە کە تێیاندا بە شێواز و کولتووری خۆیان دەژین و یاسای هۆزەکان جێبەجێ دەکریت.

گەورەترین ناوچەی هۆزەکان لە ئەمەریکا ناوچەی هۆزی ناڤاهۆیە کە کەوتووەتە هەر سێ ویلایەتی ئەریزۆنا، نیو مەکسیکۆ و یوتا و پانتاییەکەی 27 هەزار مایڵی چوارگۆشەیە. هەروەها، ویلایەتی کالیفۆڕنیا زۆرترین هاووڵاتیی ڕەسەنی لێ دەژی.

XS
SM
MD
LG