Accessibility links

ڕووسیا ڕازیبووە گفتوگۆی سێقۆڵی لەگەڵ ئەمەریکا و ئۆکراینا دەست پێ بکاتەوە

یاریدەدەرێکی کرێملن ڕۆژی چوارشەممە وتی ڕووسیا "لە ڕووی پرنسیپەوە" ڕازیبووە گفتوگۆ سێ قۆڵییەکانی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا و ئەمەریکا لە ناوەڕاستی مانگی یازدەدا دەست پێ بکەنەوە. ئەو ڕاگەیاندنەش لەدوای کۆبونەوەیەک دێت لەنێوان ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا لە سەینت پیتەرسبێرگی ڕووسیا.

چەندین خولی گفتوگۆکان بە نێوەندگیریی ئەمەریکا لە ئەبو زەبی و جنێڤ لەم ساڵدا بە بنبەست گەیشتن سەرباری ئەوەی هەر دوو لا سەدان دیلیان ئاڵوگۆڕ کرد.

لە وادەی دانیشتنەکەیاندا ڕۆژی چوارشەممە، ویتکۆف بە پووتنی وتووە "یەکێک لەو شتانەی ئەمڕۆ دەمەوێت بەدی بهێنم ئەوەیە کە گفتوگۆیەکی باش لەنێوانماندا ڕوو بدات بە هیوای دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی سێ قۆڵی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا و ئەمەریکا."

هەروەها نێردەی تایبەتی ئەمەریکا پێشوازیی لە بڕیارەکەی ڕووسیا بۆ هەڵگرتنی کۆنترۆڵەکان لەسەر هەناردەی گازوایل لە ڕووسیاوە کرد و وتی ئەمە "هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو لەلایەن ئێوەوە."

مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە وتی دانوساندنی ئەستەم ئەنجام دراون و تێیاندا "بیرۆکەی داهێنەرانە" لەبارەی کۆتایی هێنان بە شەڕ پێشنیاز کراون. هەروەها تیشکی خستە سەر ئەوەی کە هەرێمی دۆنباسی خۆرهەڵاتی ئۆکراینا یەکێکە لە خاڵە زۆر ناکۆکی لەسەرەکان.

ڕوبیۆ لە هیندستان بە ڕۆژنامەنوسانی وت، "ئەمە جەنگێکی ئاڵۆزە لەبەر چەندین هۆکار، بەڵام لە کرۆکدا هەمووی لەبەر ئەو بەشەی دۆنباس بووە کە ڕووسیا بە توندی داوای دەکات بەڵام نەیتوانیوە لە مەیدانی جەنگ بیگرێت و ئێستا بەدەست ئۆکرایناوەیە."

ڕوبیۆ وتی بەرەوپێشچوون بەندە بە ئامادەیی هەردوولا بۆ سازشکردن.

هەروەها وتیشی، "دەبێت بە جۆرێک بێت هەردوو لا رێکبکەون لەسەر ئەوەی دەستبەرداری شتێک بن، و ئەمەش هەمیشە باسێکی زۆر ئەستەمە."

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا وتی کە سەرۆک پوتین و ویتکۆف لەوادەی کۆبونەوەکەیاندا لە سەینت پیتەرزبێرگ باسی کۆتاییهێنانی جەنگی ئۆکراینا و دوایین ڕێککەوتنی گازوایل و ناکۆکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نێوان ئەمەریکا و ئێرانیان کردووە.

بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، پوتین بە ویتکۆفی وتووە، "ئەزانم سەرۆک ترامپ زۆر بایەخ بەم مەسەلەیە دەدات، بەشێوەیەکی سەرەکی لەسەر بنەمای مرۆیی، ئەو لە سەروو هەموو شتێکەوە، جەختی کردووەتەوە لەسەر پێویستیی کۆتاییهێنانی شەڕەکە بە هۆی قوربانییەکانی هێزە چەکدارەکانی هەردوولا." هەروەها وتووشیەتی، "بەڵام بێگومان ئەمە تەنها لەبارەی قوربانیانی سەربازییەوە نیە، بەڵکو مەینەتی و نەهامەتییەکانی کەسانی مەدەنیشە."

هەروەها پوتین پێشنیازی کردووە لەگەڵ سەرۆک ترامپ لە چیین کۆببێتەوە و خواستی خۆی دەربڕیوە بۆ تاووتوێکردنی چۆنیەتی چاککردنەوەی پەیوەندی دولایەنەی ئەمەریکا و ڕووسیا، بە هاریکاریی ئابورییشەوە، ئەمانەش هەمووی بە گوێرەی پۆستێکی وەزارەتەکە کە لە کەناڵی تەلیگرام بڵاوی کردووەتەوە.

یوری ئوشاکۆڤی ڕاوێژکاری پوتین بۆ کاروباری دەرەکی لە دوای کۆبونەوەکە بە پەیامنێرانی وتووە کە کۆبونەوە سێ قۆڵییەکەی مانگی یازدە جەختی لەسەر "دامەزراندنی سیستەمێکی ئەمنیی دەبێت بۆ ڕووسیا و ئۆکراینا لەدوای کۆتاییهێاتنی شەڕەکە."

This item is part of
XS
SM
MD
LG