Accessibility links

شێوازی دەنگدان و ژماردنی دەنگەکان لە ئەمەریکا

دوایین هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2022 ئەنجام درا و تێیدا 112 ملیۆن کەس دەنگیان دا.

بەگوێرەی کۆمسیۆنی کۆمەکی هەڵبژاردنی ئەمەریکا، دەستەڵاتی ڕێکخستنی دەنگدان لەدەستی ویلایەتەکان و کایە خۆجێییەکاندایە. هاووڵاتیان بۆ دەنگدان دەچنە بنکەکان کە لە لایەن هەشت هەزار ئیدارەی خۆجێیەوە بەڕێوە دەبرێن.

دەنگەکان چۆن دەژمێردرێن؟

بەگوێرەی داتاکانی کۆمسیۆنی کۆمەکی هەڵبژاردن، زۆربەی ناوەندەکانی دەنگدان لەڕێگەی سکانەری ئەلیکترۆنییەوە دەنگەکان، کە لە سەر کاغەز دراون، دەژمێرن.

نزیکەی یەک لە پێنجی ناوەندەکانی دەنگدان لە ئەمەریکا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2024ـدا لەڕێگەی ژماردن بە دەست دەنگەکانیان جیا کردووەتەوە.

دەنگدان لە زۆربەی ویلایەتەکان بە سێ جۆر ئەنجام دەدرێت: دەنگدانی پێشوەخت لەسەر سندوقی دەنگدان، دەنگدان ڕۆژی هەڵبژاردن، و دەنگدان لەڕێگەی پۆستەوە. هەر ویلایەتێک ڕێسای خۆی هەیە لە بارەی ئەوەی کە ئایا ئەو دەنگانەی پێشتر دراون یان لە ڕێگەی پۆستەوە دراون، دەتوانرێت پێش تەواوبوونی وادەی هەڵبژاردن بژمێردرێن.

هەر کە ژماردنی دەنگەکان لە شەوی هەڵبژاردندا دەستی پێ کرد، ناوەندەکان دەست دەکەن بە بڵاوکردنەوەی کۆی دەنگەکانی هەریەکە لە پێشبڕکێکان, وەک ئەنجامی نافەرمی، و دەیان نێرن بۆ دەستەڵاتەکانی هەڵبژاردنی ویلایەتەکە.

وادەکانی پشتراستکردنەوەی دەنگەکان

لەدوای ژماردنی دەنگەکان پرۆسەی پێداچوونەوە ئەنجام دەدرێت، کە تێیدا بەرپرسان بە داتاکاندا دەچنەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی ڕێکارە شیاوەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ دەنگەکاندا گیراونەتە بەر و دڵنیادەبنەوە لەوەی تێكڕای ژمارەی کارتی دەنگدانەکان یەکسانە بە ژمارەی دەنگدەرەکان.

لەپاش ئەو پشکنینانەی لەسەر ئاستی خۆجێی دەکرێن، دەستەی پێداچوونەوەی ویلایەت، وەزیری دەرەوەی هەریەکە لە ویلایەتەکان، یاخود بەرپرسی دیکەی ویلایەت پەسەندی دەکەن، بەم جۆرەش ئەنجامەکە دەبێتە فەرمی.

ئەم پرۆسەیەش لە ویلایەتێک بۆ ویلایەتێکی دیکە دەگۆڕێت و دەکرێت چەند ڕۆژێک تاوەکو چەند هەفتەیەک بخایەنێت تاوەکو تەواو دەبێت.

بۆ نمونە لە ویلایەتی دیلاوێر، وەها دانراوە پرۆسەی پشتراستکردنەوە بۆ دەنگدانی ئەمساڵ لە 5ـی یازدە تەواو بێت، واتە دوو ڕۆژ دوای ڕۆژی دەنگدانی گشتی. بۆ زۆربەی ویلایەتەکان ئەم وادەیە دەکەوێتە نێوان 20 بۆ 30 مانگی یازدە. لە نویۆرک ئە وادەیە 15ـی دوازدەیە.

وادەی دەستبەکاربوونی ئەندامانی نوێی کۆنگرێس کە مانگی یازدە هەڵدەبژێردرێن، لە 3ـی مانگی یەکی ساڵی دواتر دەست پێ دەکات.

بۆچی لە هەندێک ویلایەت چەندین ڕۆژی پێدەچێت تاوەکو ئەنجامە نافەرمییەکان ڕادەگەیەندرێن؟

پرۆسەی ژماردنی دەنگەکان و ئەو کاتەی بەرپرسانی هەڵبژاردن دەتوانن دەستی پێ بکەن ڕۆڵێکی گەورە دەبینن لەوەی کە چەند خێرا ئەنجامەکان ڕادەگەیەنن. لە هەندێک بنکە هەموو دەنگەکان بە دەست دەژمێردرێن و پرۆسەی ژماردنەکەش تێیاندا دەست پێ ناکات هەتا سندوقەکانی دەنگدان لە شەوی هەڵبژاردندا دادەخرێن. پرۆسەکە لەو بنکانە کاتی زۆرتری پێدەچێت وەک لە بنکەیەک کە جیاکردنەوەی دەنگەکانی بە پۆستە پێشتر ئەنجام درابێت و ئامێر بەکار بهێنن بۆ ژماردنی دەنگەکانی کە لە سەر سندوقەکان دراون.

یەکێککی دیکە لە هۆکارەکانی دواکەوتن بریتییە لە ژماردنی ئەو دەنگانەی بە پۆستە دەنێردرێن و لەدوای ڕۆژی هەڵبژاردن دەنگەنە ناوەندەکان. ئەمە لە زۆربەی ویلایەتەکاندا ڕێگەپێدراو نییە و وەها دەخوازرێت کە دەنگدانی پۆستە لە ڕۆژی هەڵبژاردندا بگەن بە ناوەندەکان.

دیسانەوە لە نمونەی ویلایەتی دێلاوێردا دەنگەکان کە لە ڕێگەی پۆستەوە دەدرێن، دەبێت ڕۆژێک پێشتر بگەن. بەڵام لە 13 ویلایەتی دیکە دەکرێت پۆستەی دەنگدانەکە درەنگتریش بگات بە مەرجێک پۆستەکە لەوادەی ڕۆژی دەنگدان درەنگتر نەنێردرابێت. لە ویلایەتی پێنسەلڤەینیا، دەکرێت تاوەکو 14 ڕۆژیش دوای ڕۆژی دەنگدان بگەن. لە دوو ویلایەتی دیکەش، رۆد ئایلەند و تێنەسی، هیچ دوا وادەیەک دیاری نەکراوە بەو مەرجەی پۆستەی دەنگدانەکە بە هاتنی ڕۆژی دەنگدان ڕادەستی فەرمانگەی پۆستەگەیاندن کرابێت.

بابەتێکی تر بریتییە لە دووبارە ژماردنەوەی دەنگەکان. لەو کێبڕکێیانەدا کە ژمارەی دەنگەکان زۆر لەیەکەوە نزیکن، یاساکانی هەڵبژاردنی ویلایەت ڕێگە دەدات بەوەی یان بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەنگەکان بژمێردرێنەوە یاخود کاندیدەکان داوای دووبارە ژماردنەوە بکەن. ئەو پرۆسەیەش دەکرێت چەندین رۆژ بخایەنێت، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە پێویست دەکات کاندیدەکە بە نوسراوی یاسایی داوای دوو بارە ژماردنەوەی دەنگەکان بکات.

پاراستنی هەڵبژاردنەکان

دەستەڵاتە خۆجێیەکان چەندین هەنگاو دەنێن بۆ زامنکردنی پاراستنی دەنگدان، لەوانەش نەبەستنەوەی ئامێرەکانی دەنگدان بە ئینتەرنێتەوە و بەکارهێنانی سەرمۆرکردنی تایبەتی ئامێر و سندوقەکانی دەنگدان تاوەکو دەستپێڕاگەیشتنیان کۆنترۆڵ بکرێت.

حکومەتی فیدراڵییش ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت. وەزارەتی جەنگ توانا هەواڵگری و سایبەرییەکانی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستی دەرەکی لە دەست تێوەردان لە پرۆسەکە . هەروەها وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی جەنگ و ئاژانسی ئاسایشی سایبەر سیکوریتی و ژێرخان (CISA) دەکات.

ئاژانسی ئاسایشی سایبەر سیکوریتی و ژێرخان کار لەگەڵ بەرپرسانی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی ویلایەت و خۆجێی دەکات بۆ ڕاهێنانیان لەسەر باشترین کردەکانی ئاسایش و پاراستن و کۆمەکی تەکنیکیش دابین دەکات وەک پشکنینی سیستەمەکانی کۆمپیوتەر و سکانکردن بۆ دۆزینەوەی ئەو لاوازییانەی کە دەکرێت بقۆزرێنەوە.

دوایین پشکنینی سیستەمەکەش بریتییە لە وردبینی دوای هەڵبژاردن، کە لە زۆربەی شوێنەکان ئەنجامدەدرێن بۆ دڵنیابوون لەوەی ئامێرەکانی دەنگدان بە باشی کاردەکەن و ژماردنی دەنگەکان بە ڕێکوپێکی کراوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG