نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند زەمینەسازی بۆ هەنگاونان بەرەو وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکان لە ئۆکرانیا کراوە.
ستیڤ ویتکۆف ئەمڕۆ لە سەنت پترسبۆرگ لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن کۆبووەوە و هیوای خواست پوتن بیر لە دەستپێکردنەوەی دانوستانە سێ قۆڵییەکانی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا و ئۆکرانیا بکاتەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسە تەکنیکییەکان.
ویتکۆف ئاماژەی بەوەشکردووە بەڵگەنامەی لەگەڵ خۆی هێناوە کە ڕێبازی جیاواز بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئۆکرانیا دەخاتە ڕوو. ئاژانسی هەواڵی تاس لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ئەم قسانەی بڵاوکردووەتەوە.
یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری پوتن پێش کۆبوونەوەکە بە ئینتەرفاکسی ڕاگەیاندووە تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان یەکلاییکردنەوەی ئاشتییە و وتیشی نازانم ئەمڕۆ ڕێککەوتن دەکرێت یان نا.
ئەکسیۆس بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی کۆشکی سپی نووسیویەتی ویتکۆف پلانێکی نوێکراو پێشکەش بە پوتن دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.
ویتکۆف ڕۆژی چوارشەممە لە ئۆسلۆ لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا و نوێنەرانی وڵاتانی ئەورووپا و ناتۆ کۆبووەوە. بەرپرسێکی ئەمەریکایی دانوستانەکانی ئۆسلۆی بە "بنیاتنەر" ناوبرد و "پێشکەوتنی بەرچاو"ی ڕاگەیاند.
ترامپ ڕایگەیاندووە ڕووسیا "دەیەوێت کارەکە تەواو بکات"، بەڵام گومانی خۆی لە خواستی زێلێنسکی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە دەربڕیوە. جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە ئۆکرانیا ئەم شەڕە چارەسەر بکات.
جەرێد کوشنەر، دانوستانکارێکی دیکەی ئەمەریکا بەهۆی تووشبوونی بە ئەنفلۆنزا بۆ ڕووسیا نەکردووە. ڕۆژنامەی مۆسکۆ تایمز نووسیویەتی کوشنەر لە ڕێگەی ڤیدیۆوە بەشداری گفتوگۆکان دەکات.