Accessibility links

ئیدارەی سەرۆک ترامپ هەوڵەکانی بۆ نێوەندگیری لە نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا چڕ دەکاتەوە

Trump
Trump

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە بە ڕۆژنامەوانانی ڕا گەیاند کە هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێک لە نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا بەدی بێنێت. هەروەها دەربارەی ڤلادیمێر زیلینسکی قسەی کرد و گوتی ''ئەگەر ڕاستگۆ بم، پێموایە کاتی ئەوە هاتووە کەسێکی تر بەناوی ئۆکراینا دانوستان بکات.''

ئەمە لە کاتێکدایە کە نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا ستیڤ ویتکۆف لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویجە بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ ئۆکراینا و وڵاتە ئەورووپاییەکان سەبارەت بە هەمان پرس.

ڕۆژی سێشەممە ڤلۆدیمێر زێلێنسکی گەییشتە ئۆسلۆ و دیداری لەگەڵ نێردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەبوو. زیلینسکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی ''ئۆکراینا کار بۆ ئاشتی دەکات. سوپاسی هاوپەیمانەکانمان دەکەم بۆ پاڵپشتییەکانیان.''


لە هەمان ڕۆژدا دمتری پێسکۆڤ گوتەبێژی کۆشکی کرملین قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و گوتی، ''هیوادارین لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا بتوانرێت کۆبوونەوەیەک ڕێک بخرێت. هەروەها دانوستانکارانی ئەمەریکا، لەنێویاندا نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بەڕێز ویتکۆف، بتوانن کورتەیەک لە ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ هەردوو لایەنی ئۆکراینی و ئەورووپاییەکان بە سەرۆک پوتین بگەیەنن.''

ئەمەش واتای ئەوەیە کە دوای کۆبوونەوەکانیان لە ئەورووپا، نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا دەچێت بۆ مۆسکۆ و چاوی بە سەرۆکی ئەو وڵاتە دەکەوێت. هەرچەندە هەتا ئێستا لایەنی ئەمەریکایی ئەم هەواڵەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە دۆناڵد ترامپ بڕیارە لە مانگی یازدە بچێت بۆ چین و لە لوتکەی APEC بەشداری بکات. لە لێدوانەکانیدا بە دووری نەزانی کە بابەتی جەنگی ئۆکراینا ببێتە یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆکانی لەگەڵ چین و ڕووسیا. هەروەها پێزانینی بۆ ئەو دوو وڵاتە دەربڕی بەو پێیەی کە ''هاوکارییەکی کەمی ئێرانیان کردووە'' و هاوکارییەکانیان سنووردار بووە.

دەنگی ئەمەریکا لەو بارەیەوە پەیوەندی بە پڕۆفیسۆر ڕۆبەرت ئۆرتونگ پسپۆڕی کاروبارە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی جۆرج واشنتن کرد. ئۆرتونگ گوتی، ''لەو بارودۆخەی کە ئێستا لە ئارادایە، هەوڵدان بۆ ڕێککەوتنی ڕووسیا و ئۆکراینا واقیعبینانە نییە.''

لەبارەی ڕۆڵی وڵاتە ئەورووپاییەکان پڕۆفیسۆر ئۆرتونگ ڕایگەیاند،''ئەورووپاییەکان هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی ئۆکراینا شکست نەخوات. بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ئەوان ئەو توانایانەیان نییە کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەیەتی. بۆیە لە بارودۆخێکی بەهێزدا نین لە بەرانبەر ڕووسیا.''

هەروەها گوتی ''ڤلادیمێر پوتن هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی وڵاتە ئەورووپاییەکان سەربەخۆییی وزە بەدەست نەهێنن و بەردەوام پێویستییان بە وزەی ڕووسیا بێت.''

شایەنی باسە ئەکسیۆس بڵاوی کردووەتەوە کە ڕۆژی سێشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندی بە سەرۆکی ئۆکرایناوە کردووە و پێی ڕاگەیاندووە کە ''ترامپ هیچ فەرمانێکی نەداوە کە زیان بە ئۆکراینا بگەیەنێت.''

This item is part of
XS
SM
MD
LG